هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانیی دووەم جەژنی سەردەمی کۆرۆنا
ئامادەکارییەکان بۆ رۆژانی جەژن چین؟
K24 - هەولێر
لە جەژنی رەمەزانی رابردوو، سەرەڕای رێکارە تەندروستییەکان ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان زیادبوو، بۆ ئەوەی ئەم جەژنە هەمان حاڵەت دووبارە نەبێتەوە، پلانی وردتر دانراوە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتا جیهانییەکە.
ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە کوردستان رووی لە هەڵکشانە، جەژنی قوربانیش بەهۆی ئەوەی قوربانی تێدا دەکرێت، رێکارەکان تووندتر کراون بەتایبەتی ئەو رێکارانەی پەیوەندییان بە قوربانی هەیە، چونکە دەستلێدانی کەسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو گۆشتەی دەیکاتە قوربانی، بەسە بۆ ئەوەی چەندین کەسی دیکە تووشبکات.
تۆڕی پەیامنێرانی کوردستان24 لە رووماڵێکی تایبەتدا لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە: هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە هەروەها لە کەرکووکیشەوە زانیارییان لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ جەژنی قوربان دا.
لە هەولێر "سەرقەبران" و سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵەوە قەدەغەیە
رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر لە هەڵکشانە، ئەمەش وایکردووە لە ئاستی فەرمی لە هەولێر هیچ ئامادەکارییەک بۆ ئەم جەژنی قوربانە نەکرێت.
لە هەولێر قەدەغەی هاتووچۆی تەواو لە رۆژانی جەژندا پەیڕەو ناکرێت، بەڵام هەندێک رێکار دەگیرێنەبەر بۆ کەمکردنەوەی نزیکبوونەوەی خەڵک لەیەکدی، لەوانە سەردانکردنی گۆڕستان قەدەغەکراوە، هەروەها داوا دەکرێت خەڵک سەردانی یەکدی نەکەن و تێکەڵ نەبن.
سەربڕینی ئاژەڵ بەهەموو شێوەیەک لە: شەقام، کۆڵان و ماڵان لە هەولێر قەدەغە دەبێت، لەبەرامبەردا سەربڕخانەی هەولێر ئامادەکراوە بۆ ئەوەی هەرکەسێک بییەوێت قوربانی بکات، لەوێ بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان ئاژەڵەکەی سەرببڕێت، دواتریش بە رێکار و رێنمایی تایبەت گۆشتی قوربانییەکە دابەش بکرێت.
هەروەها ئەمڕۆ سەرجەم بازاڕە قەرەباڵغەکانی هەولێر پاکدەکرێنەوە و، شەو لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە دەشۆرێن و ماددەی پاککەرەوەیان لێ دەپرژێنرێت (تەعقیمدەکرێن).
کۆبوونەوە بۆ خۆشی و ناخۆشی، شایی و شین لە سلێمانی قەدەغەیە
شۆڕش کەمال، ئەندامی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی دەڵێ "داواکارم لە هاووڵاتییان دووربن لە سەربڕینی ئاژەڵ بە مەرجی ناتەندروست، چونکە ئەوەی خێر دەکات، فەرزە لەسەری گۆشتەکە بەشێوەی تەندروست بگەیەنێتە هاووڵاتییان و زەرەریان لێنەدات".
هەروەها هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانیکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئاهەنگی خۆشی، ناخۆشی، شایی و شین لە رۆژانی جەژن لە سلێمانی قەدەغەیە. لە هەر چوار رۆژی جەژندا سەربڕگەی سلێمانی کراوە دەبێت بۆ پێشوازیکردن لە هاووڵاتییان، تاوەکو قوربانییەکانیان لەوێ سەرببڕن".
پارێزگاری سلێمانی هەروەها دەڵێ "هەموو هێزەکانمان بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان لە رۆژانی جەژندا لەسەر کاردەبن. هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی لە رۆژانی جەژندا قەدەغەیە و پابەندی هاووڵاتییان دەبێتە مایەی ئەوەی وەکو جەژنی رەمەزانی پێشوومان لێ نەیەت".
100 هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا و کۆمەڵێک رێکار بۆ زیاترنەبوونی ئەو ژمارەیە لە هەڵەبجە
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ 485 تووشبوو بەرزبووەوە، لەو ژمارەیەش ئێستا 100 کەسیان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، کە هەندێکیان لە نەخۆشخانە و هەندێکیان لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتینە کردووە.
بەهەمان شێوەی شارەکانی دیکەی کوردستان، لە هەڵەبجەش لە رۆژانی جەژندا سەرجەم کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنە ئایینییەکان قەدەغەن، هەروەها ئەو شوێنانەی پێش جەژن داخرابوون، وەکو هۆڵەکانی بۆنە و ئاهەنگ و هۆڵەکانی لەشجوانی، وەکو پێشوو بە داخراوی دەمێننەوە.
سەرجەم کارمەندانی هاتووچۆی دهۆک لە ئەرکدا دەبن
نەقیب شڤان ئیحسان، لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند "لە هەر چوار رۆژی جەژن هەموو ئەفسەر و پۆلیس و کارمەندانی هاتووچۆی دهۆک بە هەموو ئالییەتی خۆیان لە ئەرکدا دەبن بۆ رێکخستنی شەقامەکان".
لە رۆژانی جەژندا هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات بەگوتەی نەقیب شڤان "تووندتر لە رۆژانی ئاسایی سزادەدرێت".
لە کەرکووک قەدەغەی گشتیی هاتووچۆ پەیڕەو دەکرێت
شانەی قەیرانەکان لە کەرکووک هەمان بڕیار و راسپاردەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کە لە بەغدا دەرکراون، جێبەجێ دەکات. بەو پێیەش لە سبەیەوە تاوەکو 10 رۆژ، قەدەغەی گشتیی هاتووچۆ لە کەرکووک جێبەجێ دەکرێت.
نوێژی جەژن لە کەرکووک ناکرێت و ماوەی چوار رۆژی جەژنیش لەنێو کەرکووک بازگەی کاتی لەسەر شەقامەکان دادەنرێت، تاوەکو رێگە لە هاتووچۆ بگرن.
بەگشتی چوار هەزار و 422 کەس لە کەرکووک تووشی کۆرۆنا بوون، 1596 لە سەنتەرەکانی کۆرۆنا لەو پارێزگایە ماون و 233 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هەموو ئەو رێکارانە و رێکاری دیکەش کە بەشێکیان ئەمڕۆ بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت، بۆ رێگریکردنن لە تەشەنەسەندنی زیاتری پەتای کۆرۆنا لە کەرکووک و هەرێمی کوردستان، کە تاوەکو دوێنێ بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی: 13 هەزار و 246 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 833 کەسیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، تائێستاش ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 517 کەس لە هەرێمی کوردستان.
