هه‌مواری یاسایه‌ك له‌ ئیمارات ڕێژەی هاوسه‌رگیری دووه‌می زیاد كردووه‌

دوای هه‌مواری یاسای باری كه‌سی له‌ ئیمارات، ڕێژەی هاوسه‌رگیری زیادی كردووه‌، به ‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ به‌ هێنانی ژنی دووه‌م و سێیه‌م دراوه‌.

له‌ ئیمارات، ساڵی ڕابردوو یاسای نوێی باری كه‌سی هه‌موار كرایه‌وه‌ و دواتر خرایه‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌م گۆڕانكارییه‌ له‌ یاسای باری كه‌سی، وای كرد ڕێژه‌ی هاوسه‌رگیری دووه‌م به‌ ڕێژەیەکی به‌رچاو زیاد بێت.

به‌ گوێره‌ی ئامار و داتاكانی وه‌زاره‌تی دادی ئیمارات، لە ساڵی ڕابردوودا 378 هاوسەرگیری دووەمی بۆ پیاوان تۆمار کراوه‌. لەو ژمارەیەش 158 بۆ دانیشتووانی چوار میرنشینی شاریقه‌، عەجمان، ئوم ئەلقوین و فوجەیرە بووە.

له‌ یاسای نوێی باری کەسیی وڵاتی ئیماراتدا هاتووه‌، ده‌بێت پیاو شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ هاوسه‌ره‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، هه‌روه‌ها پیاوه‌كه‌ پابەند كراوه‌ کە هیچ کەسێک لەگەڵ هاوسەرەکەیدا نیشتەجێ نەکات بەبێ ڕەزامەندیی ژنەکەی، به ‌جۆرێك منداڵەکانی و دایک و باوکیشی ده‌گرێته‌وه‌.

سەبارەت بە فرەژنیش له‌ ئیمارات، مادەی 105ـی یاسای باری كه‌سی، مەرجی توندی سەپاندووه‌، لەوانەش ده‌بێت پیاو پێش هاوسه‌رگیریی، شوێنی نیشتەجێبوونی جیاواز بۆ هەر ژنێکی دابین بكات، لەگەڵ سەربەخۆیی تەواو و مامه‌ڵه‌كردنی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌گه‌ڵیاندا.

 
Fly Erbil Advertisment