قژسوورەکانی جیهان یەکگرن!
فێستیڤاڵی ساڵانەی قژسوورەکان لە شاری تیلبۆرغ لە هۆڵەندا، ساز دەکرێت.
بۆ ئەمساڵ، بڕیارە لە 29 تا 31 ی ئاب، لە پارکی سپورپارک و ناوەندیی شاری تیلبۆرغ، فیستیڤاڵەکە ساز بکرێت.
فیستیڤاڵەکە بۆ یەکەم جار، ساڵی 2005 وەک دەستپێشکەرییەکی هونەریی لەلایەن نیگارکێشی هۆڵەندی بارت ڕۆینهورست، کاتێک ویستی نیگاری 15 کەسی قژسوور بکێشێت، دەستی پێ کرد، ئەوەش بووە هۆی یەکەم کۆبوونەوەی ئەو قژسوورانە لەیەک جێگەدا و پاشان بوو بە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی کە هەزاران کەس، لە پتر لە 80 وڵاتەوە بەشداریی تێدا دەکەن.
فێستیڤاڵەکە، جگە لە ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانی، چەندان چالاکیی کۆمەڵایەتیی، وۆرکشۆپ، وێنەگرتنی بە تاک و کۆمەڵی تێدا ساز دەکرێت. لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەشدا، بەشداران، پێکەوە وێنەکی یادگاریی دەگرن.
