زیندانییەک لە سلێمانی مۆڵەتی وەرگرتووە و هەڵهاتووە

زیندانییەک کە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بووە لە چاکسازیی گەورانی سليمانی، بە گوێرەی مەرج و ڕێنماییەکان مۆڵەتی چونە دەرەوەی وەرگرتووە ، بەڵام دوای سێ ڕۆژ نەگەڕاوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە چاکسازی گەورانی سلیمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زیندانییەک بەناوی 'خالید شێخە' خەڵکی قەڵادزێ، کە بەتۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیر کراوە، یەکەم جارییەتی بە مۆڵەت دەڕواتەوە ماڵەوە، بەڵام تا ئێستە نەگەڕاوەتەوە زیندان.

گوتیشی، ئەو دەستیگرکراوە 3 ڕۆژ بەسەر وادەی گەڕانەوەیدا تێپەڕ بووە واتە دەبوو تەنها  هەفتەیەک لەماڵەوە بێت، بەڵام ئەوە  10 ڕۆژە نەگەڕاوەتەوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، مۆڵەتەکە بە پێی یاسا بەرکارەکان بووە، زیندانییەکە دوو کەفیلی هەبووە و تاپۆی خانوو و 25 ملیۆن دیناری بارمتەی داناوە، سزای ئەو زیندانیە زیاد لە شەش ساڵ بووە، دوو ساڵ زیاترە دەست بەسەرە، بەڵام گومان دەکرێت بەرە و  ئێران هەڵهاتبێت و لەوێوە بۆ ووڵاتێکی دیکە ڕۆیشتبێت.