چالاکوانێکی ژینگە: زۆنگاوەکانی عێراق بەئەنقەست وشک دەکرێن

موڕتەزا عەبدولڕەزاق، چالاکوانی ژینگەی عێراقی ئاشکرای کرد، لە کۆتایی ساڵی 2021ەوە بە ئەنقەست زۆنگاوی حوێزە، لە پارێزگای میسان وشک کراوە.
موڕتەزا عەبدولڕەزاق، بە میدیایەکی ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند "وشککردنەوەی زۆنگاوەکەی حوێزە تا ساڵی 2023 بەردەوام بووە، کاتێک حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی خولی پێنجەمی مۆڵەتدان، گۆڕینی زۆنگاوی حوێزەی بۆ کێڵگەیەکی نەوت بە هەمان ناوەوە ڕاگەیاند، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە کڕدراوە."
ئەو چالاکوانەی ژینگە دەڵێت: وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بەردەوام بووە لە شێواندنی ڕاستییەکان سەبارەت بە دۆخی زۆنگاوەکان. هەروەها وەزارەتی ژینگە هیچ ڕێگرییەکی لەو کۆمپانیا نەوتییە نەکردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای میسان لە ناوەڕاستی ساڵی 2024، ئەو زۆنگاوەی بە بزوێنەری ئابووری و گەشتیاریی وەسف کرد. بەڵام ئەو چالاکوانە قسەکەی وەزیری بە بڕیاری گۆڕینی زۆنگاوەکە بۆ کێڵگەی نەوت زانی.
ڕاشیگەیاند "کۆمپانیای بەدوای نەوتدا گەڕانی چینی، لە کۆتایی ساڵی 2024 دەستی بە کارەکانی کردووە لەو زۆنگاوە، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی بڕیارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی قەدەغەکردنی هەر جۆرە گەڕانێک یان کارێکی بیناسازی لەناو ئەو ناوچانەدا بەبێ ڕەزامەندی فەرمی چونکە ناوچەیەکی شوێنەواریشە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە "بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە لابردنی زۆنگاوەکە لە لیستی میراتی جیهانی لە ئەستۆی لیژنەی باڵای نیشتمانییە نەک هیچ یەک لایەنێک." هۆشداریشی دا لەوەی دۆخی ئاوی پارێزگای میسان لەڕادەبەدەر خراپ بووە، ئاو بەزەحمەت بەشی خواردنەوەی هاووڵاتیان دەکات، لەکاتێکدا زۆربەی ڕووبارەکان بەهۆی کەمبارانییەوە وشک بوونە.
ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی گۆڕینی زۆنگاوەکان بۆ ناوچەی نەوتی کردەوە، گوتیشی: "کۆی ڕووبەری زۆنگاوەکان لە 20 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە بۆ تەنیا نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە کەم بووەتەوە."
باسی لەوەش کرد، هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەرگریی لە زۆنگاوی حوێزە، کە 10 ولاتی ئەورووپایی و ئەفریقایی و ئاسیایی بەشدارییان تێدا کردووە، هەروەها وێنەکان بۆ یونسکۆ نێردراوە کە وێنەی ئامێرەکانی بەدواگەڕانی نەوت لە شوێنەکەدا دەبینرێن، ئەمەش بۆ ڕزگارکردنی زۆنگاوەکەیە لە مەترسی لەناوچوون و لەناوبردنی ژینگە.