لە یەمەن حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی بە بەهای 200 ملیۆن دۆلار خرانە خوارەوە

ئەمەریکا لە مانگی ڕابردووەوە بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، بەرپرسانی سەربازیی ئەمڕۆ هەینی، 25ـی نیسانی 2025، ڕایانگەیاند "لە ماوەی شەش هەفتەدا، حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی "ڕیپەر" کە بەهای زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارە، خراونەتە خوارەوە."
ئاماژەیان بەوەش دا، لە هەفتەی ڕابردوودا سێ لەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە خراونەتە خوارەوە،
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە توانای حووسییەکان بۆ بە ئامانج گرتنی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانە کە بە ئاسمانی یەمەندا دەفڕن باشتر بووە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان گەشتی هێرشبەرانە یان ئەرکی چاودێرییان کردووە و لەناو براون.
لە کاتێکدا بەرپرسێکی دیکەی بەرگریی ئاماژەی بەوەدا هۆکاری لەدەستدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، حووسیەکانن لێکۆڵینەوەش لەوبارەیەوە دەکرێت.
ئەم جۆرە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە لەلایەن کۆمپانیای جەنەراڵ ئەتۆمیکەوە دروستکراوە، نرخی هەر فڕۆکەیەکی نزیکەی 30 ملیۆن دۆلارە و بە شێوەیەکی ئاسایی لە بەرزاییەکانی 12100مەتر زیاتر دەفڕێت.
لە 15ـی ئادارەوە ئەمەریکا هێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکان چڕتر کردووەتەوە و ڕۆژانە هەڵمەتەکانی دەست پێکردووە، ئەمەش بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ.
هەروەها بەڵێنیدا "هێزی کوشندە" بەکاربهێنێت تا ئەو کاتەی حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتی و کەشتیوانان بەدرێژایی ڕێڕەوی دەریایی سوور ڕادەگرن.
ئەمەریکا لە سەرەتای دەست پێکردنی ئەم هەوڵە نوێیەوە تا ئێستا زیاتر لە 750 جار هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی حووسییەکان.