وەزارەتی دەرەوەی عێراق لێکۆلینەوە لە هۆکاری کوشتنی هاووڵاتییەکی دەکات لە سووریا

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی مافەکانی هاووڵاتیانی عێراقی لە دەرەوەی وڵات و کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتییان.

ئەمڕۆ هەینی، 25ـی نیسانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "وەزارەتی دەرەوە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە و لە دیمەشق، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەو ڕووداوە دەکات کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی عێراقی بەناوی حەیدەر زەمیلی، لە سووریا".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە گرنگی بەم بابەتە دەدات و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا و کاردەکات بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان کە لەبەردەستدان، بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕووداوەکە لە بنەڕەتدا تاوانکاری بووە هەر بەم هۆیەوە باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق بەردەوام لە پەیوەندیی دایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا بۆ ئەوەی لە هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکە بزانێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیا عێراقییەکان کە لە زاری کەس و کاری کوژراوەکە وەریان گرتووە، حەیدەر زەمیلی بە فیشەکێک کوژراوە و هاوژینەکەشی بریندارە ئێستا لەژێر چاودێری چڕە لە نەخۆشخانە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment