عەباس عراقچی: لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆ ڕازین
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: شەممەی داهاتوو گەڕێکی دیکە لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت، هەروەها دانوستانەکانی ئەمڕۆ لە چاو دانوستانەکانی ڕابردوو جددیتر بوو و لە ئەنجامەکەی ڕازین.
شەممە 26ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفیزیۆنی فەرمیی ئێران (شبکە خبر)ـی گوت: گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە چاو گەڕەکانی پێشوو جددیتر بوو، ئێمەش قووڵ بووینەوە لە وردەکارییە تەکنیکییەکان .
وەزیری دەرەوەی ئێران ، ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆ ڕازی بووین، بەڵام تا ئێستا ناكۆكی لهنێوان ههردوو لایهنی ئێرانی و ئهمهریكی ههیه.
لەبارەی دانوستانی داهاتوو، عراقچی، گوتی: شەممەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بەڕێوە دەچێت، بەڵام عوممان ئەم جارە شوێنەکە دیاریی دەکات.
جەختی لەوەش کردەوە، "هەردوو لایەن ئیرادەی خۆیان بۆ پێشکەوتنی دانوستانەکان پیشان داوە، بەڵام هەندێک جار ئیرادە بەس نییە بۆ ڕێککەوتن، ڕەنگە ناکۆکییەکان ئەوەندە قووڵ بن کە نەتوانین ڕێکبکەوین".
عراقچی، گوتیشی: کاتێک ئێمە سەردەکەوین کە هەردوولا بە بەشێک لە ویستەکانیان بگەن و بگەنە ئاستێک لە ڕەزامەندی، بەڵام ئەمە شتێکی دژوارە و کاتی دەوێت، بەشێک لە ناکۆکییەکانی ئێمە زۆر قووڵن.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، کە هیوادارە بە خێرایی بەرەوپێشەوە بچن. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەزموونی جاری پێشوومان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی دانوستانەکان ئاسانتر بن، بە گشتی پێم وایە تا ئێرە باش هاتووین.
دەشڵێت: لە دانوستانەکانی گەڕی داهاتوو شارەزایانی ئاژانسی ئەتۆمیش بەشدار دەبن، هەروەها بابەتی دانوستانەکان تەنیا پرسی ئەتۆمییە و لەسەر هیچ بابەتێکی دیکە دانوستان ناکەین.
عەباس عراقچی، گوتیشی: پرسی ئەتۆمی مانای وایە لەسەر متمانە دروستکردن سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە بەرانبەر لادانی گەمارۆکاندا دانوستان دەکەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، کەشێکی باش زاڵە و ئیرادەی ڕێککەوتن لە هەردوولاوە هەیە. بەڵام ئاخۆ دەتوانین بگەینە ڕێککەوتن یان نا؟. من هیوادارم بتوانین ڕێکبکەوین.
شەممە 26ـی نیسانی 2025، لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، گەڕی سێیەمی دانوستانی نێوان هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران، بەڕێوەچوو.
مێدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، گەڕی سێیەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکەی هەردوو شاند، نزیکەی 9 کاتژمێری خەیاندووە. هاوکات ئاماژەیان بەوە دا، شاندی هەردوولا بۆ ڕاوێژ گەڕانەوە وڵاتەکانیان.
لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، لە گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران، بنەما، ئامانج و پرسە تەکنیکییە بنەڕەتییەکان خرانە بەر باس.
وەزیری دەرەوەی عوممان، ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو شاند درێژە بە دانوستانەکانیان دەدەن و شەممەی داهاتوو 3ـی ئایار، گەڕی چوارەمی دانوستانەکان بەڕێوە دەچێت.