شاندی پارتی گەیشتە دوکان
شاندی پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی یەکێتی، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەم، گەیشتە هاوینەهەواری دوکان.
کاتژمێر 12:30 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 28-04-2025، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەیشتە هاوینەهەواری دوکان، لە سلێمانی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا دوا هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستە حکوومەتییەکان، تاوتوێ دەکرێن.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، بڕیارە دوای تەواوبوونی ئەم کۆبوونەوەیە، جارێکی دیکە هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتیی بۆ پەسەندکردنی دوا لێکگەیشتنی نێوان هەردوو حزب بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆ دەبنەوە، دواتر بڕیار لەسەر دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت.
شاندی باڵای پارتی پێکهاتووە لە:
1. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی.
2. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی.
3. دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.
4. ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.
شاندی باڵای یەکێتی پێکهاتووە لە:
1. قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال.
2. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پشکی یەکێتی.
3. دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
4. نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
5. ڕێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
6. شاڵاو سەلاح شێخ شەرەف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.
لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک کورسیی بەدەست ھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێک ھێنا.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێک ھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ یەکێتیی بوو، ھەروەھا 9 وەزارەت بۆ پارتی، پێنج وەزارەت بۆ یەکێتی و چوار وەزارەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بوو.