کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات

کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، لە هاوینەهەواری دوکان، کۆتایی هات.

ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، کاتژمێر 02:45 خولەکی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 28-04-2025، کۆبوونەوەی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هاوینەهەواری دوکان، لە سلێمانی کۆتایی هات.

مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتیی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتییان دەکرد کە تایبەت بۆ بە گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان.

 

شاندی باڵای پارتی پێکهاتبوو لە: 

1. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

2. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

3. دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی. 

4. ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.

 

شاندی باڵای یەکێتی پێکهاتبوو لە:

1.  قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال.

2.  ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پشکی یەکێتی.

3.  دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. 

4. نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

5. ڕێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

6. شاڵاو سەلاح شێخ شەرەف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

 

ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.

لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک کورسیی بەدەست ھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێک ھێنا.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێک ھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ یەکێتیی بوو، ھەروەھا 9 وەزارەت بۆ پارتی، پێنج وەزارەت بۆ یەکێتی و چوار وەزارەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بوو.