بە چاودێریی سەرۆکی حکوومەت کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدییەکان بەڕێوە دەچێت
بە چاودێریی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پێکهاتەی ئێزدی بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29-04-2025، بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدی (ئایین، کەلتوور، مێژوو، جوگرافیا) دەست پێ دەکات و تا سبەینێ چوارشەممە، 30-04-2025، بەردەوام دەبێت.
کۆنفرانسەکە لەلایەن (بنکەی لالشی رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی) و (زانکۆی دهۆک) لە سەنتەری کۆنفراسانی زانکۆی دهۆک بەڕێوە دەچێت.
ئەمە یەکەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتییە لەبارەی ئێزدییەکان، دەیان توێژینەوە ئامادە کراون و توێژەران لە 11 وڵاتەوە ئامادە دەبن و بەشداریی تێدا دەکەن.