سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزا لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات

سەرۆک کۆماری عێراق
سەرۆک کۆماری عێراق

 ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزا لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات. دواتر دەچێتە وەزارەتی داد و پاشان لە ڕۆژنامەی وەقائیعیش بڵاو دەکرێتەوە. 

ڕۆژی یەکشەممە، 27-04-2025، شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی ناردە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق تا پەسەند بکرێت. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە، 29-04-2025، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزا لەسەر یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات.

دوای ئیمزاکردنی، یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەنێردرێتە وەزارەتی داد و دواتریش لە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق (وەقائیع) بڵاو دەکرێتەوە. 

پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ڕۆژی 14-04-2025، لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا. 

پێشتر، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، بە کوردستا24ـی ڕاگەیاندبوو، دوای بڵاوبوونەوەی یاسای بە پاڕێزگاربوونی هەڵەبجە لە ڕۆژنامەی وەقائیع، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێکارە ئیدارییەکان دەگرنە بەر، بۆ ئەوەی هەموو ماف و شایستە داریییه‌كانی تایبەت به‌ قەرەبووکردنەوە و بەرزکردنەوەی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە بەدەست بهێنن.