عێراق هێنانی کرێکارانی پێنج وڵاتی قەدەغە کرد

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، هێنانی کرێکارانی پێنج وڵاتی بۆ عێراق قەدەغە کرد، کە یەکێک لەو وڵاتانە سووریایە.
سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، بریاری قەدەغەکردنەکە، کرێکارانی 'سووریا، ئیندۆنیزیا، پاکستان، بەنگلادیش و فلیپین' دەگرێتەوە.
حەسەن خەوام، ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە پێویستی بە ڕێگرییە لە هاتنە ناوەوەی کرێکارانی ئەو وڵاتانە بۆ ناو خاکی عێراق، ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەت دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ژمارە (24832)ـی ساڵی 2024، کە مەرجی داناوە هەر وەبەرهێنەرێک یان خاوەن کارێک، ئارەزووی دامەزراندنی پرۆژەی هەیە، دەبێت لە سەدا 80 کارمەندانی ناوخۆ کار پێ بکات، لە بەرانبەردا سەدا 20 کرێکارانی بیانی بن.
دەزگای ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕێژەی بێکاری لە عێراق لەسەدا 16.5ـە.
عەبدولڕەحمان شێخلی، شارەزای ئابووری گوتی: ئەو کرێکارانەی مۆڵەتی کاریان پێدراوە و ئەوانەشی مۆڵەتیان پێ نەدراوە، کاریگەرییەکی زۆریان کردووەتە سەر ئابووریی عێراق و ڕێژەی بێکاریشیان بەرزکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عێراق لە نێوان 150 تا 200 هەزار کرێکارە، هەروەها ساڵانە دوو ملیار دۆلار دەنێرنەوە وڵاتەکانیان. ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری وڵات دەبێت.