دانەر عەبدولغەفار: بەپێی دەستوور کوردستان پشکی دادپەروەرانەی لە داهاتەکان دەبێت

دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای کارگێڕیی دارایی کرد کە وەزارەتی دارایی بە مەبەستی گەڕانەوەی داهاتی پارێزگاکان پێشکەشی کردووە، هاوکات ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد، ئەندامە کوردەکانی لیژنەکە پێشنیازی لابردنی ماددەی 29ـی پڕۆژەیاساکەیان بەبێ جێگرەوە رەت کردووەتەوە.

یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تێیدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای کارگێڕیی دارایی کرد، هەروەها وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەیەوێت لە رێگەی پەرلەمانەوە پڕۆژەیاساکە بۆ گەڕانەوەی داهاتی پارێزگاکان هەموار بکاتەوە.

لەم بارەیەوە، دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند: پێشتر پێشنیازێک لە لیژنەی داراییدا هەبووە بۆ هەڵوەشاندنەوە و لابردنی ماددەی 29 لە یاسای کارگێڕیی دارایی عێراقدا؛ ئاماژەی بەوەش دا، یاساکە بە شێوەیەکی گشتی گرفتی تێدایە و هاودژییەکی زۆر لە نێوان ماددەکانیدا بە دی دەکرێت.

بە گوتەی دانەر عەبدولغەفار، ئەو هاودژی و کەموکوڕییانە پێشتر هەم بۆ هەرێمی کوردستان و هەم بۆ سەرجەم پارێزگاکانی دیکە کێشەیان دروست کردبوو، هەر لەبەر ئەوەش هەموارکردنەوەی یاساکە بووەتە داواکاریی هاوبەشی هەموو پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش کرد، پێشنیازە سەرەتاییەکە تەنیا بە ئاراستەی لابردنی ماددەکە بووە بەبێ دانانی هیچ جێگرەوەیەک، "بەڵام ئێمە و سەرجەم ئەندامە کوردەکانی نێو لیژنەی دارایی بەوە رازی نەبووین."

هاوکات روونی کردەوە، سەرەتا لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا بڕیار درا خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاساکە نەکرێت تاوەکوو بە باشتر لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت، بەڵام دواتر بۆچوونەکان گۆڕان بەرەو ئەوەی پێویستە ماددەکە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، نەک بە تەواوی هەڵبگیرێت.

هەروەها میکانیزمی گۆڕانکارییە پێشنیازکراوەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: گۆڕانکارییەکە بەو شێوەیەیە کە ماددەی 44 لە یاسای ئەو پارێزگایانەی عێراق بەشێک نین لە هەرێم، بگوازرێتەوە و لە شوێنی ماددەی 29 دابنرێت، هاوکات هەرێمی کوردستانیشی بۆ زیاد بکرێت؛ واتە هەر پارێزگایەک مافی چییە، هەرێمی کوردستان لە پێش پارێزگاکەوە مافی خۆی پێ بدرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دانەر عەبدولغەفار دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور پشکێکی دادپەروەرانەی لە کۆی داهاتەکان و لەو داهاتانەشدا دەبێت کە بە دەستی دەکەوێت.

جەختیشی کردەوە، ئەم پڕۆژەیاسایەی ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، پێویستیی بەوەیە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت و ئینجا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، تاوەکوو کۆی ئەو کێشانەی تێیدان بە تەواوی چارە بکرێن.