نەزاکەت حوسێن: لە هەرێمی کوردستان ڕۆژنامەنووسان کێشەی ئازادیی ڕادەڕبڕینیان نییە

بەڕێوەبەری بەشی لیژنەی جێندەری لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، پێویستە یاسایەکی تۆکمەتر بۆ ڕۆژنامەنووسان دابنرێت، چونکە میدیا گەشەی کردووە، کە پێیوستییان بە ڕێکخستنی زیاترە، بۆیە پێویستمان بە یاسایەکی دیکەیە تەواوی مافی ڕۆژنامەنووس و ئەرکەکانی دابین بکات.

ئەمڕۆ هەینی، 2ـی ئایاری 2025، د. نەزاکەت حوسێن، بەڕێوەبەری بەشی لیژنەی جێندەری لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند، 3ـی ئایار ڕۆژێکە دانراوە بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە سەرانسەری جیهان؛ چونکە سەرجەم ڕێکخراوەکانی داکۆکیی لە ڕۆژنامەوانان و مافی مرۆڤ، جەخت لەوە دەکەنەوە هەتا داکۆکی لە فەراهەمکردنی ئازادیی ڕۆژنامەنووسان بکرێت، گرفتەکان کەمتر دەبنەوە و دیموکراسی زیاتر بەرهەم دێت. 

بەڕێوەبەری بەشی لیژنەی جێندەری دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان، ئێمە کێشەی ئازادیی ڕادەڕبڕینمان نییە. هەرێمی کوردستان یاسایەکی بەرهەم هێناوە تا پانتاییەکی فراوان ئازادیی ڕۆژنامەگەری فەراهەم کردووە. بەڵام کۆمەڵێک گرفتی دیکەمان هەیە، کە پێویستە یاساییەکی تۆکمەتر و گشتگیرتر دابنرێت، چونکە میدیا گەشەی کردووە، میدیای نوێ و سۆشیالمیدیا و فۆرمی نوێی هاتووە و فۆرمی نوێی ڕۆژنامەنووسی بەرهەم هێنراوە، هەموو ئەمانە پێیوستییان بە ڕێکخستنی زیاترە، بۆیە پێویستمان بە یاسایەکی دیکەیە تەواوی مافی ڕۆژنامەنووس و ئەرکەکانی دابین بکات و کاری ڕۆژنامەنووسی بە پیشەیی بناسێنێت. لە هەمان کاتیشدا ئازادییەکە ڕێک بخرێت، بە کۆمەڵێک کۆدی بەرپرسیارێتی، چونکە لای ئێمە میدیا زۆرە و ئازادیش زۆرە، بەڵام بەرپرسیارێتیان نییە.

دەشڵێت: کۆمەڵێک پەیجی سۆشیالمیدیا، یان میدیای حزبی کە دەموچاویان دیار نییە، ئاستی بەرپرسیارێتییان بەرامبەر نیشتمان و بەرامبەر ئاسایشی دەروونی تاکەکان نییە، کاتێک ڕووداوێکی مرۆیی ڕوو دەدات ئەوەندە دەوروژێنرێت، تەواوی سایکۆلۆجیای تاکەکان تێک دەچێت.

گوتیشی: ئێمە دەستخۆشیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و پسپۆڕان دەکەین، کە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007یان دارشتووە، لەگەڵ کۆمەڵێک یاسای دیکە بۆ ڕێکخستنی میدیا، بەڵام دەبێت ئەو ئازادییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، داکۆکی لێ بکرێت و بیهێڵرێتەوە و فراوانتر بکرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، مافی ڕۆژنامەنووسان بە پێی ئەویاسایانەی کە هەیە، بەتایبەت یاسای ژمارە 35، کۆمەڵێک مافی ڕۆژنامەنووس، شێوازی کارکردن و شێوازی مامەڵە کردن، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک ڕووبەڕووی دادگا دەبێتەوە یاخود دادگا لێپێچینەوەی لێ دەکات هەموو ئەمانە دیاری کراون، بەڵام کۆمەڵێک شتی دیکە هەیە؛ وەک ئەوەی کارەکەی بە پیشە بناسرێت و مافی کڕیی کارکردنی بۆ ڕێک بخرێت. نەک لە دەزگایەکدا زۆر بێت و لە دەزگایەک کەم . مووچەکەی بە میزاجی بەڕێوەبەری دەزگاکە نەبێت و جیاوازیی لە مووچەکاندا نەکات، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، جیاکاریی لەنێوان ڕەگەزدا نەکات، کۆمەڵێک مافی ڕێکخستن و ئیش و پیشەیی و مافی کارکردنی ڕۆژنامەنووس، پێویستە زیاتر ڕێک بخرێت.

لە 22ـی نیسانی 2025، ئازاد حەمەد ئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 هەزار ڕۆژنامەنووس هەن و سێ جۆر ڕۆژنامەنووسیش لە سەندیکا هەیە، کارا، بەشدار، پیشەیی. بەڵام ڕۆژنامەنووسی کارا، نزیکەی سێ هەزار کەس دەبن و لە کارەکەیان بەردەوامن و هەشە مردووە یان خانەنشین بووە، یاخود سەفەری دەرەوەی وڵاتی کردووە و وازی لە کارەکەی هێناوە."

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی ژمارە 33ـی ساڵی 2024، جۆرەکانی پێشێلکاری بەم جۆرە بووە؛

ڕاگرتن و دەستگیرکردن، 10 حاڵەت 

ڕێگە نەدان بە ڕووماڵ و جیاکاری، 20 حاڵەت 

هێرش و سووکایەتی، 10 حاڵەت

شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان و دەست بەسەرداگرتن، 2 حاڵەت

هەڕەشە، 1 حاڵەت

داخستنی دەزگای ڕاگەیاندن، 1 حاڵەت

لێدانی ڕۆژنامەنووسان، 2 حاڵەت

ژمارەی ئەو دەزگا و ڕۆژنامەنووسانەی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە؛

هەولێر؛ 13 کە یەکێک لەو دەزگایانە پێشێلکاری بەرامبەر کراوە، کوردستان24 بووە لە کەرکووک

سلێمانی؛ 9

دهۆک؛ 9

کەرکووک؛ 2

هەڵەبجە؛ 2

سۆران؛ 5

گەرمیان؛ 3

موسڵ؛ 3

کۆی ژمارەی ئەو دەزگا و ڕۆژنامەنووسانەی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە؛ 45 حاڵەت و 73 دەزگایە و  ئەو ڕۆژنامەنووسانەش کە پێشێلکارییان بەرانبەر کراوە، لە ڕەگەزی نێر بوون.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment