توێژینەوەیەک: قاوە خواردنەوە سوودی سەرسوڕهێنەری بۆ بەتەمەنەکان هەیە

توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە، خواردنەوەی قاوە سوودی تەندروستیی سەرسوڕهێنەری هەیە بەتایبەت بۆ کەسانی بەتەمەن، بەوەی هێزی ماسولکەکانییان دەپارێزێت.

توێژینەوەکە لەسەر هەزار و 161 کەس کراوە کە تەمەنیان لە سەرووی 55 ساڵ بووە، دەرکەوتووە کە خواردنەوەی قاوە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی هێزی ماسولکەکان و کەمکردنەوەی ئەگەری پەککەوتن لە تەمەنی پیریدا.

شارەزایان بۆیان دەرکەوتووە، خواردنەوەی قاوە پەیوەندی بە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە لاوازیی هەیە، واتە کاتێک ماسولکەکان لاواز دەبێت، ئەگەری پەککەوتن زیاتر دەبێت و درەنگتر لە نەخۆشی یان برینداربوون چاک دەبێتەوە.

ئەنجامەکان دەریان خستووە کە ئەو کەسانەی ڕۆژانە دوو بۆ سێ کوپ قاوە دەخۆنەوە، مەترسی تووشبوونیان بە لاوازی بە ڕێژەی 64% کەم بووەتەوە بەراورد بەو کەسانەی کەمتر دەخۆنەوە.

پرۆفیسۆر مارگریت ئۆلسۆف، لە زانکۆی ڤێرجی ئەمستردام ڕایگەیاند، هۆکاری وردی ئەم سوودە هێشتا ڕوون نییە، بەڵام پێی وایە دژە ئۆکسێنەرەکانی ناو قاوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی ماسولکەکان.

ئۆلسۆف گوتیشی: خواردنەوەی قاوە بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ڕۆتینیاتی زۆر کەسدا، بەردەوام بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەندا.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی پێشووتر کە لە پەیمانگای زانیاری زانستی لەسەر قاوە بڵاو کراوەتەوە، جەختکراوەتەوە، قاوە ماددەی کیمیایی تێدایە کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە نەهێشتنی خانە کۆنەکان و هانی گەشەی ماسولکەکان دەدات، ئەمەش تەندروستی و هێزی ماسولکەکان بەرز دەکاتەوە.