سلێمانی؛ ئەمساڵ 69 حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵانی فێركاری لە سلێمانی ئاشکرای کرد، لە ماوەی ئەمساڵدا 61 نەخۆشی ڤایرۆسی و 8 تووشبووی بەکتریایی هەوکردنی پەردەی مێشک هەبووە و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و رەوانەی ماڵەوە کراون.
یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، د. كۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی مناڵانی فێركاری لە سلێمانی، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانە دەیان حاڵەتی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ تۆمار دەكرێن و چارەسەر دەكرێن و ئەوە نەخۆشیەكی نوێ نییە و هۆكارەكەی یاخود بەكتریاییە یان ڤایرۆسیە زۆرینەی جۆرەكانی ڤایرۆسییە و نەخۆشەكە خۆی چاك دەبێتەوە.
هاوکات باسی لەوە کرد، لە ماوەی ئەمساڵدا لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی مناڵان لە سلێمانی، 61 نەخۆشی ڤایرۆسی و 8 تووشبووی بەكتریایی هەوكردنی پەردەی مێشك هەبووە و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە و رەوانەی ماڵەوە كراون.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە لە رێگەی دەركردنی ئاوی پشتەوە دەبێت و نیشانەكانی بریتیە لە: لەرز، تا و سەرئێشە، بەرچاو تەڵخبوون و لە منداڵی بچووك تای بەهێزی دەبێت و ناتوانێت شیر بخوات.
ئەو پزیشکە دەڵێت: زۆربوونی رێژەی هەوكردنی پەردەی مێشكی مناڵ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ترسی لای هاووڵاتییان دروست كردووە و خۆشبەختانە لە هەرێمی كوردستان لە سلێمانی بە تایبەتی رێژەكەی زۆر كەمە.
د. كۆیان زاهیر، گوتیشی: ساڵانی رابردوو نەخۆشیەكە هەر هەبووە و لە ئاییندەش بەردەوام دەبێت و نەخۆشییەكە ناگاتە ئاستی بڵاوبوونەوەی زۆر بە شار و قوتابخانەكان و دایەنگەكان.
هەر ئەمڕۆ، عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، ئەمساڵ 4358 کەس لە وڵاتەکە تووشی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک بوونە و، لە پارێزگای واست کێشە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە هەیە و ئاماژەکان نیگەرانکەرن و پێویستە بەهەند وەربگیرێن، چونکە یەکەمین یەکەی کارگێڕییە پەتاکەی تێدا بڵاوبووەتەوە.