چۆنییەتی هەڵاتن و دەستگیرکردنەوەی زیندانییەکەی دهۆک ڕاگەیەنرا
بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی زرکا لە دهۆک دەستگیرکردنەوەی زیندانە هەڵاتووەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت، سزای زیندانییەکە ساڵی 2029 کۆتایی دێت.
پێنجشەممە، 01-05-2025، عەقید ئارام محەممەد، بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی زرکا لە دهۆک، لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی هەڵاتن و دەستگیرکردنەوەی زیندانییەکی چاکسازییەکەی، ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی زرکا ئاماژەی بەوە دا "پێشتر تاوانبارێک نێردراوەتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، پاش ئەوەی پزیشکێکی پسپۆڕ نەشتەرگەرییەکی بۆ کردووە، گەڕێنراوەتەوە چاکسازییەکە. دوێنێ چوارشەممە، 30-04-2025، وادەی دیداری دووەمی پزیشکی بووە (موراجعە) و جارێکی دیکە گەڕێنراوەتەوە نەخۆشخانە. دوای تەواوبوونی پشکنینەکەی، تاوانبارەکە داوای لە پاسەوانی یاوەری کردبوو ڕێگەی بدات بچێتە ئاودەست. پاسەوانەکەش کەلەپچەکانی کردووەتەوە، ئەویش لە پەنجەرەی ئاودەستەکەوە هەڵاتووە."
عەقید ئارام محەممەد، باسی لەوەش کرد "دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە، هەموو دامودەزگا ئەمنییەکانمان لە ڕووداوەکە ئاگادار کردنەوە. هەمووان پێکەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی چڕ کرد و لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر، شوێنەکەی لە گوندێکی سنووری قەزای شێخان دۆزرایەوە. دەزگا ئەمنییەکان کە چوونە شوێنەکە، زانیویانە تاوانبارەکەی چەکی پێیە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بۆیە نەیانویستووە هیچ زیانێک بە تاوانبارەکە و هاووڵاتییانی گوندەکە بگەیەنن. دوای چەند کاتژمێرێک، تاوانبارەکە دەستگیر کرایەوە بەبێ ئەوەی زیان بە هیچ کەسێک بگات."
بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی زرکا ڕاشیگەیاند "تاوانبارەکە گەڕێنراوەتەوە چاکسازییەکەمان و وەک هەر زیندانییەکی دیکە، تێیدا دەبێت تا ماوەی سزاکەی تەواو دەکات." گوتیشی: "دادگای تاوانەکانی دهۆک لە ساڵی 2016، بە گوێرەی بڕگەی 401 لە ماددەی یەکەم و بڕگەی 446 لە ماددەی پێنجەم لە یاسای سزادانی عێراقی و بە گوێرەی بڕگەی 26 لە ماددەی دووەم لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، تاوانبارەکەی بە سزای زیندانیی تا هەتایە سزا داوە و سزاکەی لە ساڵی 2029 کۆتایی دێت."