کوردستان24 دەچێتە نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە دهۆک

K24 - دهۆک:

کۆمەڵێک نەخۆش لە نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لەنێو سەنتەری شاری دهۆک لەژێر چاودێریی پزیشکیدان، تیمێکی کوردستان24 دەچێتە نێویان و پرسیاریان لێدەکات لەبارەی رەوشیان و مانەوەیان لە نەخۆشخانەکە.

نەخۆشێک: سەرەتای نەخۆشییەکەم بیرنایەت هۆشم لەخۆم نەمابوو

یەکێک لە نەخۆشەکان دەڵێ "نزیکەی 13 رۆژ پێش ئێستا تووشی کۆرۆنا بووم، سەرەتا نازانم رەوشم چۆن بوو، چونکە ئاگام لەخۆم نەمابوو و کوڕەکەم لەگەڵم بووە هەتاوەکو باشتر بووم".

لەبارەی پزیشکەکان و مامەڵەیان لەگەڵی، ئەو تووشبووەی کۆرۆنا باس لەوە دەکات "سایەی دکتۆرەکان تاهەتایە لەسەرمانە، کەسیان هیچ کەمتەرخەمییەکیان نەبووە، هەرشتیک باش بێت، ئەوان بۆ ئێمەیان کردووە. هەرکەسێک دەڵێ کۆرۆنا نییە، با بێت سەیر بکات و ئەو ئەشکەنجەیە ببینێت... پزیشکەکان زۆریان بۆ کردین، خوا بۆ ئێمەیان بهێڵێت".

هاوژینەکەی بە کۆرۆنا لەدەستدا 

دوو رۆژ پێش ئێستا هاوژینی یەکێک لەو تووشبووانەی کۆرۆنا، کە لە نەخۆشخانەکە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە، بەهۆی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

حوسێن حەسەن، هاوژینی ئەو ژنەیە کە لە تەمەنی 65 ساڵیدا بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا و دەڵێ "نزیکەی 10 رۆژە تووشی کۆرۆنا بووم و سوپاس بۆ خوا زۆر باشتر بووم. سوپاس بۆ خوا هەموو پزیشکەکان و تیمی تەندروستی هاوکارمانن... کۆرۆنا هەیە و ئێمە چووینەتە هەولێر و تووشبووین".

جەختیش دەکاتەوە لەوەی "پزیشکەکان لەشیان ساغ بێت، هیچ کەمتەرخەمییەکیان نەکردووە. مەترسی لەسەر ژیانم هەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا باشترم".

"کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر سییەکانی ئەو نەخۆشانە کردووە"

موئەیەد ئاغالی، بەرپرسی پێدانی چارەسەر بە تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکە باس لەوە دەکات "ئەو نەخۆشانەی ئێرە رەوشیان ترسناک نییە، بەڵام پێویستیان بە چاودێرییە... راستە دەرمانێکی راستەوخۆ نییە بۆ کۆرۆنا، بەڵام دەبێت بزانین چەند کاریگەری لە سییەکان کردووە، ئەو نەخۆشانەی لێرەن، کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر سییەکانیان کردووە".

بەگشتی 13 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەدا هەن و، یەکێکیان لەسەر ئامێری هەناسەدانە و ئەوانەی دیکەش پێویستییان بە چاودێریی پزیشکییە.

هـ.ر.