ئومێد خۆشناو:  پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان شارەکانی ئێران و هەولێر فراوانتر دەبێت

پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەک ڕێککەوتنی نوێ و یاداشتنامە لەنێوان چەند شارێکی ئێران و پارێزگای هەولێردا واژۆ کران.

پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگمان لە ئێران ئەنجامدا، برەودان بەو جۆرە پەیوەندییانەی نێوان شارەکان بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، سێ ساڵ پێش ئێستا یاداشت و ڕێککەوتنێکی بازرگانیی لە نێوان پارێزگای هەولێر و ورمێ دا هەبووە، لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا هەردوولامان پابەندبوونی خۆمان لە ڕێککەوتنەکان دووپات کردەوە.

ئومێد خۆشناو گوتیشی: یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکانی نێوانمان لە سێ ساڵی ڕابردوو هاتنی ژمارەیەکی زۆری زیارەتکاری ئێرانی بوو لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ کەربەلا و نەجەف. دەسەڵاتدارانی ئێران زۆر ستایشی بەرپرسان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیان کرد، لە بەرانبەر پێشوازییان لە زیارەتکاران.

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، یەکێک لەو خاڵانەی جەختمان لێ کردەوە پارێزگاریکردنە لە گیانی ئەو بازرگانانەی لە هەرێمی کوردستان و ئێران کاری بازرگانیی خۆیان دەکەن.

ئێوارەی  یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەیی ئیمام خومەینی لە تاران و لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دەرەوە و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و جێگری پارێزگاری تاران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە پێشوازیی لێ کرا.