ناتانیاهۆ: ئامانجێکمان لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا بۆمباران کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 2ـی ئایاری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، ئەوەش لەپێناو  پاراستنی کەمینەی درووزەکان لە سووریا.

ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی یسرائیل کاتز ڕایگەیاند "درەنگانی شەوی ڕابردوو، هێرشێکی ئاسمانیمان کردە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکاتی لە دیمەشق."

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕژێمی سووریا، ڕێگە نادەین بەهیچ شێوەیەک، هێزەکانی سووریا لە باشووری دیمەشق جێگیرببن و مەترسی بۆ سەر درووزەکان دروست بکەن.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "فڕۆکە جەنگییەکان هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی دەوروبەری کۆشکی ئەحمەد حسێن شەرع، لە دیمەشق"، بەبێ ئەوەی ئامانجەکەی دیاری بکات.

ئەمە دووەم جارە ئیسرائیل لە ماوەی دوو ڕۆژدا هێرش بکاتە سەر سووریا، دوای ئەوەی بەڵێنی دا بەرگریی لە درووزەکان بکات.

تا ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە سەبارەت بەو هێرشە نەدراوە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاو، ئیسرائیل باشووری ڕۆژئاوای سووریای کۆنترۆڵ کردووە و بەڵێنی پاراستنی دروەزەکانی داوە. هەروەها زۆربەی چەکە قورسەکانی سوپای سووریای لە دوای ڕووخانی ئەسەد لەناوبرد.