هەڵبژاردن چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دوو جەمسەردا دابەش کردووە

چوارچێوەی هەمانگیی شیعەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە دوو جەمسەری سەرەكیی پێك هاتووە، ئەوانیش نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەممەد شیاع سوودانی، ئەمینداری گشتیی ڕەوتی ئەلفوراتەینـە .
تا رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نزیكتر ببێتەوە، جەمسەرەكان زیاتر هەوڵی ڕاكێشانی لایەنەكان دەدەن، و چەند لایەنێكیش لەسەر هەردوو پەتەكە یاری دەكەن.
بە گوێرەی میدیا عێراقییەکان؛ سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی بەدر و فاڵح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كار بۆ راكێشانی لایەنەكان و دەنگی شیعە دەكات، جگە لەوانە هەوڵی ڕازیكردنی ژمارەیەك گرووپی چەكداریش داوە.
بۆ ئەو هەڵبژاردنەش نووری مالیكی دەیەوێت بە هەرشێوەیەك بێت هەر خۆی بڕیاردەر و یەكلاكەرەوەی پرسەكان بێت، بۆ ئەوەش چەند لایەنێكی لە چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپەكان و سوننەكانی بۆ خۆی ڕاكێشاوە، لە ڕێگەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش كار بۆ ڕێگریی لە سوودانی دەكات.
لەگەڵ ئەو دوو جەمسەرەدا؛ چەند لایەنێك سەربەخۆیانە كار بۆ هەڵبژاردن دەكەن و نایانەوێت لەسەر هیچ یەك لەو دوو هێزە هەژمار بكرێن، بەڵام دەڵێن: چوارچێوەی هەماهەنگی دوای هەڵبژاردن دروست دەبێتەوە، بەڵام یەك بڕیار بەدەستی نابێت.
بڕیارە 11ـی11ـی 2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت و كۆمسیۆنیش لە ئامادەكاریكردن بەردەوامە.