لەسەر چۆنیەتی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق شاندی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان
پەیامنێری کوردستان24، نەورەس عەبدوڵڵا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی هەڵبژاردنی پارتی بەسەرۆکایەتی جەعفەر ئیمنیکی سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد و لەلایەن ڕزگار حاجی حەمە، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی پێشوازی لێکرا.
گوتیشی: لەدیدارەکەدا گفتوگۆی تەکنیکی دەکرێت ئاخۆ چەندە گونجاوە پارتی و یەکێتی بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەمجارە پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستبێنن و هیچ کورسیەک بەفیرۆ نەدرێت.
دەشڵێت، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی تەکنیکی هەردوولایە و بۆچونی خۆیان لەسەر پرسەکە دەخەنە ڕوو، چونکە مەبەستیانە لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتی لە کەرکووک ڕێژەی کورسییەکانیان زیاد بکەن. چونکە بەگوێرەی یاسا هەر کاندیدێک ڕێژەی دەنگەکانی خۆی دەبات، واتە دەنگ بۆ حزبەکە کۆناکرێتەوە. بۆیە لەڕووی تەکنیکیەوە ئەگەر کاندیدی زۆر لەلایەن حزبە کوردیەکانەوە پێشکەش بکرێت ڕەنگە کاندیدی پێکهاتەیەکی دیکە بتوانێت کورسیەکە بباتەوە