بۆ هەڵبژاردنی عێراق نزیکەی 40 هەزار دەنگدەری نوێ لە هەولێر مافی دەنگدانیان دەبێت
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک کەس خۆیان بۆ دەنگدانی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە.
مەڕوان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "پرۆسەی نوێ کردنەوەی دەرهێنانی بایۆمەتری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی عێراق بەردەوامە و ئەو کەسانەی مافی بەشداری کردن لە دەنگدانیان هەیە، نزیکەی ملیۆنێک و 406 هەزار و 256 کەسە."
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: ئەوانەی لە دایکبووی 2007ن و یەکەمجارە دەنگ دەدەن نزیکەی 39 هەزار و 984 کەس دەتوانن دەنگ بدەن.
سەبارەت بە دەنگدەرانی هەولێر ئەوانەی خۆیان بۆ دەنگدانی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە، مەروان محەممەد ڕایگەیاند "ئەوانەی لە هەولێر خۆیان بۆ دەنگدانی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە ملیۆنێک و 21 هەزار و 888 کەسە کە دەکاتە سەدا 72و ئەوانەی کە خۆیان تۆمار نەکردووە 384 هەزار کەسن کە دەکاتە سەدا 27.4 کەس."
بڕیارە لە 25ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی عێراق لە کاتی خۆیدا بکرێت.
بە پێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نزیکەی 28 ملیۆن کەس لەم هەڵبژاردنە مافی دەنگ دانیان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەم ساڵ لەدایکبووانی 2007ـیش دەنگ دەدەن کە ئەوانیش ملیۆنێک کەس دەبن.