بە بەشداریی زیاتر لە 150 بازرگان و خاوەنکار، دیداری بازرگانی عێراق و تورکیا بەڕێوە دەچێت
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025 'دیداری بازرگانیی عێراق و تورکیا' لەشاری سلێمانی لە لایەن کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل، بە هاوکاریی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
دیدارەکە، بە ئامادەبوونی گەورە بازرگانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوڵتان ئەحمەد دینار و پرۆفیسۆر دکتۆر ملادن کاریچ، سەرۆکی فیدراسیۆنی داهێنەرانی ئەورووپایی و نوێنەری زانکۆی بەلجیکا و زیاتر لە 25 کۆمپانیای تورکی و زیاتر لە 150 بازرگان و خاوەنکار بەڕێوە دەچێت.
لەو بارەوە حەسەن ڕەحیم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەتلەس بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم دیدارە یەکەم دیدارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت. کۆمەڵێک کەسایەتی و ناوخۆ و دەرەوە تێیدا بەشدارن.
گوتیشی: دیدارەکە دوو بەشە، بەشێکیان دروستکردنی پەیوەندیی نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شاری سلیمانییە لەگەل بازرگانانی تورکیا، چونکە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی تورکیا و سلێمانی وەستاوە، بۆیە هیوادارین ئەو دیدارە کاریگەریی هەبێت لەسەر چارەکردنی ئەو گرفتە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەشی دووەمی ئەوەیە کە چەند سەرمایەدارێکی دەرەوە لە دیدارەکەدا بەشدارن، کەئەمەش لە ڕووی ئابووریی و وەبەرهێنانەوە بایەخی خۆی هەیە، ئامانجیش ئەوەیە وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
ڕاشیگەیاند، دیدارەکە لە دوو پاکیج پێک دێت کە یەکەمیان باس لە دیدارەکە و ئامانجەکانی دەکرێت، پاکێجی دووەم، کۆبوونەوەی دوو لایەنەیە کە لەنێوان بازرگانەکان دەکرێت، چونکە ئەو بازرگانانەی بانگهێشت کراون تایبەتمەندن، بۆیە هیوادارین بازرگانان سوود لەو دەرفەتە ببینن.

