بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی بۆ خێرا تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان ڕاسپێردران

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ خێرا تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان دووپات کردەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشینیشی ڕاسپارد هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ تا بتوانرێت لە زووترین کاتدا مامەڵەی دۆسیەکانیان تەواو بکرێت.
سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەت، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی وەزارتەکە و بەرپرسانی خانەنشینیی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، بۆ مەبەستی گفتوگۆ لەسەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی 9ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، لەسەر ئاستی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند: بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق.
هاوکات ئاوات شێخ جەناب، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد لە نزیکترین کاتدا ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر هەموو ئاستەکان ئامادە بکەن، بە مەبەستی پەسەندکردنی و دواتر گشتاندنی پێ بكرێت بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم .
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، وەزیری دارایی جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ خێرا تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان دووپات کردەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی ڕاسپارد هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ، تا بتوانرێت لە زووترین کاتدا مامەڵەی دۆسیەکانیان تەواو بکرێت و دواتر داخڵی لیستی مووچە بکرێت.
تا ئێستا دۆسیەی زیاتر لە حەوت هەزار و 500 خانەنشین تەواو بووە، کە لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان دەرچوو بوو، لەو ژمارەیەش زیاتر لە شەش هەزار خانەنشین مووچەیان بۆ بەستراوە.