کوردستان24 بە ژمارە لیستی ناوی فەرمانبەرانی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی بڵاو دەکاتەوە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لیستی کۆتایی سەرجەم فەرمانبەرانی سوودمەند ڕادەگەیێنین.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 له بارهی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران ڕایگەیاند: پڕۆسەکە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و هەنگاوی زۆری بڕیوە و سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان لیستی ناوەکانیان تەواو بووە و پێداچوونەوە بۆ سەرجەمییان کراوە، تەنیا بەشێک لە خانەنشینان ماون، لە هەوڵداین لە ئایندەییەکی نزیکدا لیستی ناوەکانییان تەواو بێت و بە تەواوبوونی ناوی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش ناوی سەرجەم فەرمانبەرانی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی تەواو دەبێت، تەنیا ئەگەر تاکتاكه فەرمانبەرێک کێشەی هەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: دوای تەواوبوونی لیستی ناوەکان لێژنەیەکی دیکە بەدواداچوون بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەکات کە ناوەکەی لەبیر کرابێت یان ڕاستکردنەوەی ناوێک یان هەر کێشەیەکی دیکەی هەبێت.
ساسان عەونی باسی لەوەش کرد، دانانی نەخشەی کەرتی لەلایەن شارەوانییەکان و دەستنیشانکردنی شوێنەکان لە سنووری ماستەرپلانەکان یان لە نزیکیان تەواو کراوە.
ساسان عەونی گوتیشی: تەنیا گرفت کە ماوە جۆری بەکارهێنانی زەوییەکەیە، ڕۆژانە لەگەڵ جووتیارەکان لە گفتوگۆداین، بەڵام ئەوە تەنیا پەیوەست نییە بە وەزارەتی شارەوانی بەڵکوو بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و دارایی، داد، دەبێت.
فەرمانبەرانی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی بەگوێرەی دابەشبوونی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
لە پارێزگای هەولێر: 103616 فەرمانبەر سوودمەند دەبێت
لە پارێزگای سلێمانی: 92215 فەرمانبەر سوودمەند دەبێت
لە پاریزگای دهۆک: 64706 فەرمانبەر سوودمەند دەبێت
لە پارێزگای هەڵەبجە: 7961 فەرمانبەر سوودمەند دەبێت
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 24944 فەرمانبەر سوودمەند دەبێت
لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین: 20329 فەرمانبەر سوودمەند دەبێت
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: 22768 فەرمانبەر سوودمەند دەبێت
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 9699 فەرمانبەر سوودمەند دەبێت.
کۆیی گشتیی فەرمانبەرانی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی لە هەرێمی کوردستان: 346238 فەرمانبەرە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، نەوزاد حاجی بەرپرسی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران لە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ بە مێڤان حاجی پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ناوی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتانەی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی گەیشتووەتە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ، وەزارەتەکانی: تەندروستی، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕۆشنبیری و لاوان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دارایی، ناوخۆ و هاتوچۆ، لەگەڵ لەگەڵ ناوی بەشێک لە پێشمەرگەکان و خانەنشینان.
نەوزاد حاجی گوتیشی: کۆی گشتیی ناوی ئەو فەرمانبەرانە نۆ هەزار و 988 کەسە.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.