نەینەوا.. سێیەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، سەرچاوەیەکی پزیشکی لە فەرمانگەی تەندروستی نەینەوا ڕایگەیاند، سێیەم حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تای خوێنبەربوون لە موسڵ تۆمارکراوە.
ئەو سەرچاوەیە بە میدیا عێراقییەکانی گوتووە، "ئەو کەسەی تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە پیاوێکی تەمەن 32 ساڵەیە و دانیشتوی گەڕەکی ڕەفاعی موسڵە، ڕۆژی 5ـی ئایار بە گومانی تای خوێنبەربوون ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "نموونەی پشکنینەکە ڕەوانەی تاقیگەی تەندروستی گشتی ناوەندی لە بەغدا کراوە، ئەنجامی پشکنینەکانی ئەمڕۆ وەرگیراونەتەوە کە دەیسەلمێنێت ئەوکەسە هەڵگری نەخۆشیەکەیە"، دەشڵێت "ئێستا کەسە تووشبووەکە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەی پێویست وەردەگرێت."
ئەمە سێیەم حاڵەتە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە پارێزگای نەینەوا تۆمارکراوە، دوای دوو حاڵەتی پێشوو.
چوارشەممەی ڕابردوو تەندروستی نەینەوا حاڵەتێکی تای خوێنبەربوونی ڕاگەیاند کە ئافرەتێکی تەمەن 48 ساڵی بوو، ڕۆژی دواتر حاڵەتی دووەم تۆمارکرا کە پیاوێکی تەمەن 47 ساڵی بوو. کە هەردووکیان تا ئەمڕۆش لە نەخۆشخانەی شیفا چارە وەردەگرن.