هەولێر.. پلان و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق، تاوتوێ کران

لە دیوانی پارێزگای هەولێر، لەپێناو داڕشتنی پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ پەرلەمانی عێراق و دابینکردنی ئازادی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنووری پاریزگای هەولێر، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.
چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردن لە دیوانی پارێزگا، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە بەشدارىی بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەکان، بەڕێوە چوو.
پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، ئامانج لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ پەرلەمانى عێراق و زەمینەخۆشکردن و دابینکردنی ئازادی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێرە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، دواى گفتوگۆکردن سەبارەت بە دابینکردنى پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت و بنکەکانى گشتیى دەنگدان لە ڕۆژانى بەڕێوەچوونى پرۆسەکە، کە بڕیارە لە 11/11ـى ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، ئەرک و کارەکانى هێزەکانی ناوخۆ، بەرگریی شارستانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى دیکە دیاریی کران و ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویستى بۆ جێبەجێکردنى بڕیارە گیرانەبەر.
پارێزگاری هەولێر، جەختی لەوەکردەوە، کە دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بە شێوەیەکى ئارام و لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر و زۆر سەرکەتووانە بەڕێوە بچێت، بۆ ئەومەبەستەش ئامادەیی هەموو پاڵپشتی و هاریکارییەکى پارێزگاى هەولێری بۆ نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر نیشان دا.