ترەمپ: سەردانەکەم بۆ سعوودییە و ئیمارات و قەتەر مێژووییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ سعوودییە و دواتر ئیمارات و قەتەر بە سەردانێکی مێژوویی وەسف کرد. ئەمەش لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پێش بەڕێ کەوتنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ئاژانسی "SPA"ـی سعوودییە، ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودییە هیوادارە ئەو سەردانە یارمەتیدەر بێت، لە بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هاوکاریی و هاوبەشی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست لە بوارە جیاجیاکاندا. بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی و دیدگای هاوبەشیان.

هەروەها ئەم سەردانە نیشاندەری ئەو پێگە پێشکەوتوو و جیۆپۆلەتیکیەیە کە ئێستا سعوودییە و دەوڵەتانی کەنداو بەدەستی دەهێنن، نەک تەنیا وەک یاریزانێکی سەرەکی لە سەقامگیریی ناوچەکەدا، بەڵکو بەهۆی قورسایی ئابووری و مەیلی چاکسازیخوازانەشیانەوە.

10 پرس، لەوانە ئاسایشی ناوچەکە، وزە، بەرگریی و هاوکاریی ئابووریی لە پێشەنگی کارنامەی دانوستانەکانی ترەمپ لەگەڵ سەرکردایەتی سعوودییە و سەرکردەکانی کەنداودان. واشنتن هەوڵ دەدات هاوبەشی ستراتیجی خۆی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە کەنداودا بەهێز بکات لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانی خێرای بارودۆخی نێودەوڵەتیدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، سەردانەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ سعوودییە و وڵاتانی کەنداو تیشک دەخاتە سەر ئەو گرنگییەی کە ئەمەریکا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت، ئاماژەی بەوەش کرد، هەماهەنگی لەگەڵ سعوودیە بۆ چارە کردنی ئەو پرسانەی سنوورەکانی ناوچەکە تێدەپەڕێنن، زۆر گرنگە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ یەکەم سەردانی خۆی دەکات لە دوای دەستبەکاربوونی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە 13 تا 16ی ئایار، لەنێویاندا بۆ سعوودییە، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.

بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەدوای دەستبەکاربوونی و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی، بۆ یەکەمجار سەردانی شانشینی سعوودییە بکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment