عێراق و ئێران گفتوگۆیان لەسەر دۆسیەکانی وزە، کارەبا و غاز کرد

سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق لە تاران کۆ بوونەوە.

ئاژانسی هەواڵی 'شانا'ـی سەر بە وەزارەتی نەوتی ئێران بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەکە لە بارەگای وەزارەتی نەوتی ئێران بەڕێوە چوو و تیایدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوانیان کردەوە، هەروەها بە پێویستیان زانی هاوکاریی هاوبەش لە بواری کەرتی وزە بەهێزتر بکەن.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە، هەردوو وەزیر جەختیان لە فراوانکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کردووەتەوە، چونکە پەیوەندی قووڵ لە نێوان عێراق و ئێران لە بوارەکانی مێژوویی و فەرهەنگی و ئاینیی و سیاسی هەیە.

ئاژانسەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هەردوولا باسیان لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پرۆژەی هاوبەش لە کەرتەکانی وزە، کارەبا، و غاز کردووەتەوە، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاسایشی وزە و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی هەردوولا بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە.

وەزیری نەوتی ئێران، موحسین پاکنەژاد، لە 14ـی نیسانی 2025، بە سەردانێکی فەرمی بۆ دانوستان لەسەر دۆسیەی وزەی نێوان هەردوو وڵات سەردانی بەغدای کرد.

ئەم سەردانە، لە کاتێکدایە کە عێراق ڕووبەڕووی ئالنگارییەکی گەورە دەبێتەوە لە دەستەبەرکردنی سەرچاوەی وزەی جێگرەوە بۆ سەرچاوەکانی وزەی ئێران، کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر تاراندا، عێراقی خستووتە دۆخێکی نەخوازراو.