کرێملن: پوتن بەشداریی دانوستان لە ئیستانبوڵ ناکات
کرێملن ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە دانوستانەکانی داهاتووی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ ئامادە نابێت.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە فەرمانێکدا لە ماڵپەڕی فەرمی کرێملین بڵاو کرایەوە، پێکهاتەی شاندی بەشداربووی ڕووسیای پشتڕاست کردەوە. شاندەکە پێک هاتووە لە ڕاوێژکارەکەی ڤلادیمێر مێدینسکی و جێگری وەزیری بەرگریی ئەلێکساندەر فۆمین و جەنەراڵ ئیگۆر کۆستیکۆڤ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سەرەکیی هەواڵگری لە دەزگای هەواڵگریی سەربازی. کە پێشتر بەشدارییان لە دانوستانەکانی ساڵی 2022دا کردووە، دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا.
دواتر کرێملن بە فەرمی ڕایگەیاند "پوتن بە شێوەیەکی تایبەت بەشداری دانوستانەکان ناکات و جەختی لەسەر متمانەی تەواوی خۆی بە شاندی دانوستانکار کردەوە."
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیاوە، بە هۆکاری ئەمنیی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەرەو ئەنقەرە کەوتووەتە ڕێ، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەشداری لە دانوستانەکاندا بکات.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە جددیەتی کیێڤ بۆ بەشداریی لەم خولەی دانوستاندا دا و گوتی: ئێمە بەڕێوەین.
بەرپرسێکی ئەمەریکایی دووپاتی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەشداریی لە دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، لە ئیستانبوڵ بەڕێوە بچێت، ناچێتە تورکیا ،لە بری ئەوە، ئەمەریکا نوێنەرایەتیی ئەم دانوستانانە لەلایەن مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و نوێنەری دیکەی لەوان ستیڤ ویتکۆف و کیس کیلۆگ دەکات.
ترەمپ پێشتر ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بۆ بەشداریی لە دانوستانەکان، بەمەرجێک ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بەشداری بکات. بەڵام پوتین بڕیاری دا بەشداری نەکات.