هەرێمی کوردستان.. سبەینێ کاروانێکی دیکەی حاجییان بەرەو سعوودیە بە ڕێ دەکەوێت

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: سبەینێ دووەم کاروانی حاجییان بە ڕێگەی وشکانی بەرەو سعوودیە بە ڕێ دەکەوێت.
هەینی 16ـی ئایاری 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، گوتی: سبەینێ لە هەولێر، لەسەر ڕێگەی کەرکووک نزیک مزگەوتی سەردار سەعید سۆفی، دووەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی وشکانی بەرەو سعوودیە بە ڕێ دەکەوێت.
ئەمڕۆش یەکەم کاروانی حاجیییان، بە ڕێگەی وشکانی بەرەو سعوودیە بە ڕێ کەوت. هەروەها بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی حاجییانی ئەمساڵ زیادی کردووە، بەو پێیەی ئەمساڵ ناوی پێنج هەزار و 190 کەس بۆ حەج گەڕاوەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو، چوار هەزار و 685 کەس حەجیان کردبوو.
بۆ حەجی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار، پاڵپشتیی پرۆسەی حەجی کردووە و تێچووی حهجی ئەمساڵ بۆ گهشتی ئاسمانی، حهوت ملیۆن دیناری عیراقی و بۆ گهشتی وشكانیش پێنج ملیۆن و 500 ههزار دینار دهبێت.
ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 19ـی ئایاری 2025، سێ هەزار و 491 حاجی، لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعوودیە بە ڕێ دەکەون .