رۆحی مێسی لەناو جەستەی یامال
لە دایکبوونی مێسسییەکی دیکە بۆ بارسێلۆنا
لامین یامال یاد و بیرەوەرییەکانی مێسی بۆ بارساییەکان زیندوو کردووەتەوە، هەرچەندە بۆ گەیشتن بە دەستکەوتەکانی مێسی رێگەیەکی دوور و درێژی لەپێشە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوەن مێسییەكی دیكە بۆ بارسێلۆنا لە دایك دەبێت.
کاتێک گەورەترین جادووكەری تۆپی پێ، لیۆنێل مێسی بارسێلۆنای جێهێشت، کەس بڕوای بەوە نەبوو یاریزانێکی ئاستبەرزی وەکو ئەو بەمزووانە لەدایک بێتەوە، بەڵام تەنیا دوای دوو ساڵ شوێنگرەوەی مێسی، بارسێلۆنای زیندوو کردەوە، واتە لامین یامال.
لامین لە لایەن چاڤی هێرناندێز بۆ پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنا سەرخرا، بەڵام لەژێر راهێنەرایەتی فلیک درەوشایەوە، ناکرێت ئەم ئاستە سەرسوڕهێنەرەی ئەم وەرزەی لامین بەتایبەتی دژی ریال مەدرید و ئیسپانیۆل لەبیر بكرێت، لەنێویاندا لامین 3 گۆڵی لە كلاسیكۆیەكانی ئەم وەرزە تۆمار كرد.
کاتێک تۆپ دەگاتە بەر پێی یامال، چاوەکانی دەدرەوشێنەوە و کززە لە جەرگی بەرگریکارانی یانەی بەرامبەری دێنێت، بۆیان راناگیرێت، جادوو بە تۆپی پێ دەکات، بە جۆرێک کە وادەزانی رۆحی مێسی لە جەستەی یامال دایە.
رافینیا لەبارەی یامالەوە دەڵێت: "ئێمە یاریزانێکمان هەیە کە زێڕ لە پێڵاوەکانی دەڕژێت. "هەرچەند یامال لەگەڵ ئەوەدا نییە بە هیچ یاریزانێک بەراورد بکرێت، بەڵام جووڵەکانی یامال مێسیمان بیر دێنێتەوە.
مێسی لە تەمەنی ئێستای یامالدا توانای گۆڵکردنی باشتر بوو، بەڵام یامال زۆر باشتر یاریزانەکان دەبڕیت و بۆ رەخساندنی هەلی گۆڵ لە مێسی باشترە. ئەو ئاسانتر لە ئاوخواردنەوە یاریزانان دەبڕێت.
ئاستی یامال بۆ هیچ كەس شاراوە نییە، بەڵام جارێ زۆری ماوە بگاتە ئاستی بەردەوام و ساڵانی پڕ لە شانازی مێسی.
ئەستێرەكەی ئێستای ئینتەر مەیامی لە تەمەنی 18 ساڵیدا لالیگا و چامپیۆنزلیگی بردەوە، یامال تا ئێستا دوو لالیگای بردووەتەوە و ئینتەر میلان نەیهێشت بە خەونە گەورەکەی بگات.
مێسی یەکەم هاتریکی لە تەمەنی 19 ساڵیدا بەرامبەر بە ریاڵ مەدرید تۆمار کرد. ئەو لە 778 یاریدا 672 گۆڵی تۆمارکرد، كە ئەمەش ژمارەی پێوانەییە لە مێژووی بارسێلۆنا. مێسی 4 چامپیۆنزلیگ و 10 لالیگا و 8 جامی شای بردووەتەوە و 6 جاریش بە درێسی بارسێلۆنا تۆپی زێڕینی بەدەستهێناوە و دواجار جامی جیهانی 2022ـی بردەوە.
شک و گومان لەوەدا نییە یامال لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە یەک لە ئەفسانەکانی بارسێلۆنا. هەر ئێستاش لاوترین گۆڵکاری بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیایە.
یامال هەندێ تایبەتمەندی هەیە کە هاندەرانی تۆپی پێ لەم باوەڕەدان دەگاتە ئاستی مێسی. یامال لە تەمەنی 17 ساڵیدا رێبەرێکی ناوازەیە لە یاریگادا و متمانەیەکی زۆری بە خۆی هەیە. کاتێک ئەستێرەکانی دیکەی بارسێلۆنا گۆڵیان پێ ناکرێت، پەنا بۆ جادووی یامال دەبەن.
ئا: محەمەد شەهدی