نووسینگەی ناتانیاهۆ: ئیسرائیل ڕێگەی بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە دا
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ڕێگە بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە دەدەن، پێگەی ئێکسیۆسیش بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی ئیسرائیل، بڕیاری گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ کەرتی غەززە داوە.
یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، ئێکسیۆس ئاشکرای کردووە، ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی ئیسرائیل بڕیاریداوە، لەڕێگەی کەناڵ و دەروازەکانی ئێستا هەن، هاوکارییەکان بگوازرێنەوە کەرتی غەززە تاکو میکانیزمێکی نوێ بۆ پرۆسەکە دەدۆزنەوە.
نووسینگەی ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ڕێگە بە گەیاندنی بڕێک لە خۆراکی سەرەکی بۆ کەرتی غەززە دەدات، ئەمە لە کاتێکدا کە بزووتنەوەی حەماس ڕەتی کردووەتەوە هیچ ڕێککەوتنێک کرابێت بۆ ئازادکردنی دیل و بارمتەکان، بزووتنەوەکە دووپاتیش دەکاتەوە لەوەی، پابەندن بە ئاگربەستی هەمیشەیی.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی: چۆن بەسەر حزبولڵا و ئەسەد سەرکەوتین، بەو شێوەیە بەسەر حەماسیش سەردەکەوین.