حکوومەتی سووریا دەستی بەسەر چوار ملیۆن حەبی کەپتاگۆندا گرت

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە چوار ملیۆن حەبی کەپتاگۆنی ڕاگەیاند کە لەناو کەرەستەی پیشەسازیدا شاراوەتەوە کە مەبەست لێی قاچاغە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "بە پشتبەستن بە زانیاریی دروست لەلایەن سەرچاوەکانمانەوە پێمان درابوو، لە هەڵمەتێکدا لە لازقییە، دەستمان بەسەر بارێکی ماددەی هۆشبەر، کە لەناو ئامێری پیشەسازیدا شاردرابووەوە، گرت. قاچاخچییەکان بەنیاز بوونە بینێرنە دەرەوەی وڵات."
ئاماژەی بەوەش کراوە "لە هەڵمەتەکەدا توانرا دەست بەسەر زیاتر لە چوار ملیۆن حەبی کەپتاگۆن، کە لەناو ئامێری دروستکردنی تەحیندا شاردرابوونەوە، بگیرێت."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەندییان بە بابەتەکەوە هەبوو دەستگیر کراون، هەروەها دەستیش بەسەر ئەو ئامێرانەدا گیراوە کە ماددە هۆشبەرەکانی تێدا حەشاردراوە و دەستگیرکراوەکانیش ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کراون".
ئەمەش دوای کەمتر لە هەفتەیەک دێت کە دەسەڵاتدارانی سووریا دەستیان بەسەر نۆ ملیۆن حەبی کەپتاگۆندا گرت، کە قاچاخچییەکان بەنیاز بوون ڕەوانەی تورکیای بکەن.
ڕژێمی ئەسەد بەدرێژایی شەڕی ناوخۆ، داهاتی فرۆشتنی کەپتاگۆنی بۆ پاڵپشتی حکوومەتەکەی بەکاردەهێنا.
