کۆمیسیۆن ماوەی تۆماری دەنگدەران و هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکانی درێژکردەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند: ماوەی تۆماری دەنگدەران و هاوپەیمانی و پارت و لایەنە سیاسییەکانی درێژکردەوە و فەرمانگەکانی پەیوەندیداری ڕاسپارد بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند: دوای گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن، بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی دەنگدەرانی تا کۆتایی دەوامی فەرمی ڕۆژی یەکشەممەی 15ـی حوزەیرانی 2025 درێژکردەوە، دەشڵێت ئەو فەرمانە لە 19ـی ئایار دراوە و پێویستە لە پێگەی فەرمی کۆمیسیۆن بڵاو بکرێتەوە.

هاوکات، کۆمیسیۆن بڕیاریدا، تۆمارکردنی هاوپەیمانی و پارت و لایەنە سیاسییەکانی تا کۆتایی دەوامی فەرمی ڕۆژی 22ـی ئایاری 2025 درێژکراوەتە و فەرمانگەی کاروباری پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕاسپارد ئەوەی لەسەریانە جێبەجێی بکەن.

دوێنێ یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای  کردبوو، هەولێر پلەی چوارەمە لەسەر ئاستی عێراقدا کە زانیاریی کەسیی 95 هەزار و 417 دەنگدەری لێ نوێکراوەتەوە، لە سەڵاحەدینیش، زانیاریی کەسیی 78 هەزار و 808 دەنگدەریان نوێ کردووەتەوە.

لەبارەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: زانیاریی کەسیی 50 هەزار و 461 دەنگدەر لە دهۆک و 68 هەزار و 825 دەنگدەر لە سلێمانی، 71 هەزار و 407 دەنگدەر لە کەرکووک، نوێکراونەتەوە.

9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە‌، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد.

بە پێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نزیکەی 28 ملیۆن کەس لەم هەڵبژاردنە مافی دەنگ دانیان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەمساڵ لەدایکبووانی 2007ـیش دەنگ دەدەن کە ئەوانیش ملیۆنێک کەس دەبن، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە 330 حزب و پارتی سیاسی لەلایەن کۆمیسیۆن تۆمارکراون و دەبێت هەر هەمووشیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن سەردانی کۆمیسیۆن بکەن، هەروەها زیاتر لە 60 هاوپەیمانیش تۆمارکراون.