پیسكۆڤ: ڕێگه‌ی گه‌یشتن به یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا تاقه‌تپرووكێنه

گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا ئاماژه به‌وه ده‌كات، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا پێویستی به كار و كاتێكی زۆر هه‌یه.
دووشه‌ممه، 19ـی ئایاری 2025، دیمیتری پیسكۆڤ، گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) ڕایگه‌یاند، كارێكی ماندووكه‌ر بۆ چاره‌كردنی ململانێكان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا چاوه‌ڕێیان ده‌كات.
دیمیتری پیسكۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، چاره‌كردنی ئه‌و ململانێیانه پێویستی به كاتێكی زۆر هه‌یه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، به‌و پێیه‌ی ململانێكان په‌یوه‌ستن به ورده‌كاری زۆر ورد و پێویستییان به گفتوگۆیه‌كی پتر هه‌یه.
گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا جه‌ختیشی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی مۆسكۆ كرده‌وه و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ چوونه ناو ورده‌كارییه‌كانی چاره‌كردنی ئه‌م ململانێیه دووپات كرده‌وه.
پیسكۆڤ هه‌ر ئه‌مڕۆ ڕایگه‌یاندبوو، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ڕووسیا و دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به ته‌له‌فۆن له باره‌ی جه‌نگیی ئۆكرانیا قسه ده‌كه‌ن. گوتیشی، دوای په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه ڕاپۆرتێك له باره‌ی ناوه‌رۆك و ورده‌كارییه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.