ئەنبار.. مانگانە زیاتر لە 65 کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن

ئامارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگای ئەنبار ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونە و هاووڵاتییانیش داوای بەدەنگ هاتنەوە دەکەن.
دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، لە پارێزگای ئەنبار ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونە، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ئەو پارێزگایە ڕۆژانە بە لایەنی کەم دوو کەس تووشی شێرپەنجە دەبن و مانگانە زیاتر لە 65کەس وەک تووشبووی شێرپەنجە تۆماردەکرێن.
زۆرترین ڕێژە تووشبوون بە نەخۆشییەکە لە شارۆچکەی فەللوجەیە، ئەمە لەکاتێکدایە هاووڵاتییان و چاڵاکوانانن بەردەوام داوا دەکەن، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بکرێتەوە.
دکتۆر ئەحمەد مەشهەدانی، پزیشکی شێرپەنجە لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ئەنبار، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، " ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە لە مانگێکدا لە نێوان 60 بۆ 70 حاڵەتدایە و ئەم ژمارە بەرزەش بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێنەوە، دیارترینیان، پیسبوونی ژینگە، پاشماوەیی جەنگی و هۆکاری بۆماوەیی دیکە".
لەلای خۆیەوە دکتۆر ریام خالید بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستە بەزووترین کات نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرییەکانی شێرپەنجە بکرێتەوە، ئەمە داواکارییەکی مڕۆییە پێویستە پەلەی لێ بکرێت.
نەخۆشەکان لەو پارێزگایە بەدەست کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنن، کە ناچاریان دەکات لە دەرمانخانەکانی دەرەوەی حکوومەت بە نرخێکی گران بیکڕن. ".
ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پارێزگای ئەنبار زیاتر لە چوار هەزار تووشبووی شێرپەنجەی تێدایە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی خراپی ژینگەیی و تەندروستی. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و کەمکردنەوەی کاردانەوەکانی.