CBS: واشنتن و تەلئەڤیڤ تاوتوێی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران دەکەن
سەرچاوە میدیاییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کرد، واشنتن و تەلئەڤیڤ تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەن، هاوکات سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پلانە سەربازییە هاوبەشەکانیان بۆ ئەگەری هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ پەسەند کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان بە تۆڕی 'سی بی ئێس نیوز' (CBS News)ـیان راگەیاندووە، ئیسرائیل و ئەمریکا تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ دەکەن بۆ سەر ئێران لە مەودایەکی نزیکدا، ئەمەش لەگەڵ بەرزبوونەوەی نیگەرانی لای ئیدارەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەو خێراییەی کە ئێران تواناکانی لە بواری بەرهەمهێنانی چەکدا پێ بنیات دەنێتەوە.
وێڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانەکانیدا بۆ کەناڵی 'فۆکس نیوز' باسی لە رێککەوتن کردووە، بەڵام لە میانی قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، رێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. بە گوێرەی ئەوەی رۆژنامەی 'ئیسرائیل هەیۆم'ـیش بڵاوی کردووەتەوە، وا دیارە بژاردەی سەربازی هێشتا بەهێزەوە لەسەر مێزی سەرۆکی ئەمریکا ماوەتەوە.
ئەمەش هەمان ئەو زانیارییەیە کە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی پشتڕاستی کردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە، سەرەڕای بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و تاران، بەڵام لەم دواییانەدا ئامادەکارییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ زیادیان کردووە؛ بە جۆرێک کە بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی، سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانە سەربازییە هاوبەشەکانیان پەسەند کردووە وەک خۆئامادەکردنێک بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ لەگەڵ ئێراندا.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی 'فاینێنشاڵ تایمز'، هۆشداریی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکای بۆ ئیدارەی ترەمپ ئاشکرا کردووە، بەوەی بەردەوامبوونی کۆکردنەوەی هێزی سەربازی بۆ دوای مانگی کانوونی یەکەم رەنگە فشارەکان لەسەر سەرچاوەکان و ئامادەباشیی جەنگی زیاد بکات.
لەگەڵ بەردەوامبوونی دۆخی چەقبەستوویی دیپلۆماسی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بژاردەی پەرەسەندنی سەربازی وەک ئەگەرێک لە ئاسۆدا دەمێنێتەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا پێگەی هەواڵی 'ئەکسیۆس' لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە ئامانجەکانی ئەمریکای ئاشکرا کردووە، کە تێیدا لێدان لە پڕۆژە ئەتۆمییەکەی تاران لە پێشەنگی بژاردەکاندا داناوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بانکی ئامانجەکان پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەگرێتەوە کە دیارترینیان "چیای کولەنگە"، بە ئامانجی گەیاندنی زیان بە بەرنامە ئەتۆمییەکە یان پەکخستنی بۆ چەندین ساڵ؛ هەروەها ئەم سیناریۆیە ئەگەری فراوانکردنی مەودای گورزەکان دەخاتەڕوو تا پێگە ناسراوەکانی پیتاندن وەک فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان بگرێتەوە.
سەبارەت بە ئامانجی دواتر، وێستگەکانی کارەبایە؛ بەو پێیەی کردنەئامانجی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی وزەش لە ئارادایە وەک هەنگاوێک کە بەرەیەکی فراوانی ئابووری و خزمەتگوزاری دەکاتەوە. کارەبا دەماری سەرەکیی پیشەسازی، بەرهەمهێنان و ژیانی رۆژانەیە و پەکخستنی ئابووریی ئێران دەخاتە بەردەم فشاری فرەلایەنەوە، کە لێرەدا مەبەستەکە جەنگێکی سەربازی و ئابووریی خنکێنەرە.
سیناریۆکانی هێرشەکە سەرکردە سەربازییەکانی ئێرانیش دەگرێتەوە بۆ لاوازکردنی هەماهەنگی لە ناو دامەزراوەی سەربازیدا؛ بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، رەنگە ئەم بەئامانجگرتنە بەرپرسە باڵاکانی بڕیاردانی سەربازی بگرێتەوە و ئامانج لێی دروستکردنی کاریگەرییە لەسەر توانای هێزەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانی رووبەڕووبوونەوەکە ئەگەر هەڵبگیرسێت.