دەم پارتی لەگەڵ جەهەپە و پارتی ئاییندە، پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکات

لۆگۆی دەم پارتی
لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، سەردانی جەهەپە و پارتی ئاییندە دەکات. 

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 20-05-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەردانی ژمارەیەک پارتی سیاسی بکات. 

میدیاکانی نزیک لەو پارتە بڵاویان کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 20-05-2025، شاندی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، سەردانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی (ئاییندە) بکات. 

کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ جەهەپە و پارتی ئاییندە، بە شێوەی داخراوەیی و دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوە دەچن. 

دوێنێ دووشەممە، 19-05-2025، شاندی دەم پارتی بۆ هەمان مەبەست، سەردانی هەردوو پارتی (دەڤا) و (سەعادەت)ـی کرد.

سەردانەکان لە کاتێکدان، ڕۆژی یەکشەممە، 18-05-2025، شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێک هاتبوو؛ سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆ بووەوە.  

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، دەم پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، عەبدوڵلا ئۆجەلان لەبارەی پەیوەندیی کورد و تورک لە تورکیا گوتوویەتی: ''براکان شەڕ دەکەن، بەڵام هیچیان بەبێ ئەوەی دیکە هەڵناکات. پێویستمان بەوەیە، ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لەسەر مافی برایەتی ئیمزا بکەین''.