بەریتانیا باڵیۆزی ئیسرائیل لە وڵاتەکەی بانگهێشت دەکات

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، دانوستانە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگرتووە و باڵیۆزی ئیسرائیلیشی بانگهێشت کردووە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە غەززە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند: دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەنێوان بەریتانیا و ئیسرائیل، بە فەرمی ڕاگیراون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەریتانیا ناتوانێت بەردەوام بێت لە گفتوگۆکان لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێی بازرگانیی ئازاد و باشترکراو لەگەڵ حکوومەتی بنیامین ناتانیاهۆ، کە سیاسەتی زەبر لە کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە پەیڕەو دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، تزیپی هۆتۆڤێلی، باڵیۆزی ئیسرائیل لە بەریتانیا لە ژێر ڕۆشنایی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا لە زاری هامیش فالکۆنەر، وەزیری بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  هاتووە: "ئەمڕۆ دژایەتی حکوومەت بۆ پەرەسەندنی ناڕێژەیی چالاکییە سەربازییەکان لە غەززە بۆ باڵیۆز هۆتۆڤێلی دەخەمە ڕوو، هەروەها جەخت لەوە دەکەمەوە کە قەدەغەکردنی هاوکارییەکان بۆ ماوەی 11 هەفتە بۆ غەززە دڕندانە و بەرگریلێنەکراو بووە. داوا لە ئیسرائیل دەکەم فراوانکردنی نیشتەجێبوون و توندوتیژیی دانیشتووان لە کەناری ڕۆژئاوا ڕابگرێت". 

ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێویستە ئیسرائیل پابەند بێت بە پابەندبوونەکانی بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و دڵنیابوون لە گەیاندنی تەواو و خێرا و سەلامەت و بێ بەربەست لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە. گه‌یشتنی بڕی یارمەتییە سنوورداره‌كان بۆ غه‌ززه‌ به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment