میدیاکانی تورکیا زانیاریی نوێ لەبارەی پرۆسەی چەکدادانی پەکەکە بڵاو دەکەنەوە
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا لەگەڵ هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەیە و پرۆسەکە تا سەرەتای ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
"تورکیا لە کارەکانی بەردەوامە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ چەک دانانی پەکەکە".. ئەمە نوێترین سەردێڕی ڕۆژنامەی "تورکیا"ـی نزیک لە دەسەڵاتە، لەباری قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرە و خۆهەڵوەشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) بە هاوبەشی لەگەڵ هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکە بۆ وەرگرتنی چەکەکانی پەکەکە و، پێشکەوتنێکی بەرچاو لەگەڵ لایەنەکان بەدیهاتووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە پرۆسەکەدا کە سوپای تورکیاش تێیدا بەشدارە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا، هەولێر و سلێمانی کارەکان دەکرێن. باس لەوەش کراوە، قۆناغی داهاتووی دوای چەکدانان، هەنگاوی دیموکراسیکردن دەبێت.
ڕۆژنامەی "تورکیا" ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە تا سەرەتای مانگی ئەیلوول تەواو دەبێت. بەم شێوەیە، هاوتەریب لەگەڵ پێشنیاری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا، بڕیارە لە خولی نوێی پەلەمان لە 1ی تشرینی یەکەم هەنگاوە یاساییەکان لەبارەی پرۆسەکە دەست پێ بکات.
ڕاشیگەیاندووە، کۆمیسیۆنەکە کار لەسەر زۆر پرس دەکات، لەوانە ئەو هەنگاوانەی کە دەبێ بنرێت سەبارەت بە دیموکراسیکردن، هەروەها تێکەڵکردنی ئەندامانی پەکەکە کە دەستیان لە تاوانکاریدا نییە لەگەڵ کۆمەڵگادا.
هاوکات ڕۆژنامەکە سەبارەت چارەنووسی یەپەگە کە تورکیا بە درێژکراوەی پەکەکە دەیبینێت، ڕایگەیاندووە، پڕۆسەیەک بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق بەڕێوە دەچێت. تورکیا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دەکات کە ئیدارەی دیمەشق پێشتر داوییەتی بۆ دڵنیابوون لەوەی یەپەگە چەکەکانی دادەنێت و تێکەڵ بە سوپای سووریا دەبێت.
شایەبی باسە ئاژانسی فەرمی هەواڵی تورکیا (ئەنادۆڵۆ) ڕایگەیاندووە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە، میکانیزیمی چەکدانانی پەکەکە و یەپەگە و تێکەڵبوونییان بە حکوومەتی نوێی سووریا، هاوشێوەی گرووپەکانی دیکە، تاوتوێ کردووە.
