ئیسرائیل: دوو کەسمان دەستگیر کرد کە پلانی کوشتنی وەزیری بەرگرییان داڕشتبوو

بەرپرسانی ئیسرائیل دەستگیرکردنی دوو سیخوڕی ئێرانییان ڕاگەیاند کە پلانیان بۆ کوشتنی وەزیری بەرگریی داڕشتبوو.

دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، دوو کەسی بە ڕەگەز ئیسرائیلییان دەستگیر کردووە، کاریان بۆ ئێران کردووە و لە نزیک ماڵی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی، سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری بوون بە مەبەستی تیرۆرکردنی.

لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی 'یەدیعۆت ئەحرۆنۆت'ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، ئەو دوو کەسەی دەستگیر کراون، تەمەنیان لە نێوان 24 بۆ 30 ساڵیدایە.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو دوو کەسە، بەهۆی قەرزی قومار و مایەپووچبوونەوە ناچاربوون پەنا ببنە بەر سیخوڕیی بۆ ئێران و هەوڵیان داوە کامێرا لە نزیک ماڵی وەزیری بەرگریی جێگیر بکەن، بەمەبەستی کوشتنی.

تا ئێستا وەزارەتی دەرەوە و دامودەزگاکانی دیکەی ئێران هیچ ڕاگەیەنراوێکی فەرمییان لەوبارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.