گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پارێزگای سوەیدا

گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر باڵەخانەی پارێزگای سوەیدا و هەڕەشەیان لە پاریزگار و کارمەندەکانی ناو پارێزگا کردووە، تاوەکوو زیندانییەکیان بۆ ئازاد بکەن. 

میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە، ڕۆژی چوارشەممە، 21ـی ئایار، "گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵەخانەی پارێزگای سوەیدا، کە لەو  کاتەدا پارێزگار مستەفا بەکور و بەشێک لە کارمەندانی پارێزگا لەوێ بوونە."

میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، هێرشبەرەکان دوای ئەوەی چوونەتە ناو باڵەخانەکە، دەرگاکانیان داخستووە، چەکەکانیان ڕووبەڕووی پارێزگار و کارمەندەکانیان کردووە و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوێکیان کردووە، کە لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیر کراوە.

ڕوونیش کراوەتەوە، دوای ڕووداوەکە، گرووپێکی چەکداری درووزییەکان بەسەرکردایەتی لیوا جەبەل، توانییویانە ئەو گرووپە چەکدارە دەربکەن و ڕێگەی دەرچوونیش بۆ پارێزگار و ستافەکەی بکەنەوە و لە شوێنی ڕووداوەکە ڕزگاریان بکەن.