پۆلیسی ئەمەریکا ناسنامەی تۆمەتباری ڕووداوەکەی واشنتنی ئاشکرا کرد

پۆلیسی ئەمەریکا ناسنامەی تۆمەتباری ڕووداوی کوشتنی دوو کارمەندەکەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن ئاشکرا کرد.

پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، پۆلیسی واشنتن ڕایگەیاند، ناسنامەی تۆمەتبارەکەیان ئاشکرا کردووە کە ناوی 'ئیلیاس ڕۆدرێگز' ـە و تەمەنی 30 ساڵە و  خەڵکی ویلایەتی شیکاگۆی ئەمەریکایە،  هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی واشنتن، تۆمەتبارەکە پێشتر لای پۆلیس ناسراو نەبووە.

پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە "پێش تەقەکردنەکە هیچ زانیارییەکی هەواڵگرییان لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستی یان تاوانی ڕق و کینە نەبووە."

پۆلیسی واشنتن ڕوونیشی کردەوە، تۆمەتبارەکە لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا هاواری کردووە "ئازادی بۆ فەڵەستین."

دەشڵێت، تۆمەتبارەکە پێش تەقەکردنەکە لە دەرەوەی مۆزەخانەی تایبەت بە جووەکان بینراوە،  دواتر لەلایەن کارمەندانی ئەمنیەوە دەستگیر کراوە.

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە کە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن تەقەیان لێ کراوە و کوژراون.

دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: تەقەکردن لە دەرەوەی مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن، کردەوەیەکی تیرۆرییە دژە جووەکان.

دانۆن ڕوونی کردەوە کە دوای ڕووداوی تەقەکردنەکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کردووە.

بەگوێرەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن، ئەو دوو کارمەندەی باڵیۆزخانە کە لە دەرەوەی مۆزەخانەی جووەکان کوژراون، لە نزیکەوە تەقەیان لێ کراوە. کە ئافرەتێک و پیاوێک بوونە.