ئەمڕۆ کۆتا وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیەتییەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
ئەمڕۆ کۆتا وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیەتییەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تا ئێستا هیچ قسەیەک نییە بۆ دووبارە درێژکردنەوەی، لە کاتێکدا پێشووتر، سێ جار درێژکراوەتەوە بۆ ئەوەی لایەنەکان بتوانن هاوپەیمانییەتی پێک بهێنن.
پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، نەبەر عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ چوارەم جار تۆمارکردنی هاوپەیمانییەتەکان درێژ کرایەوە، ئەمڕۆ تا کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆ کە دەوام تەواو دەبێت، دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ئەو هاوپەیمانیەتییانە و چی دیکە درێژ ناکرێتەوە، تا ئێستاش 7 هاوپەیمانی لە عێراق تۆمار کراون.
نەبەرعومەر ئاماژەی بەوە کرد، 25ـی ئایار تاکو 24ـی حوزەیران دەرگا بەڕووی لایەنە سیاسییەکان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لیستی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمیسیۆن بکەن و ناویان تۆمار بکەن وەکوو حزبی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
لەبارەی ژمارەی بەشداریی کاندیدان لە کێبڕکێکانی هەڵبژاردن، نەبەر عومەر ئاشکرای کرد، لەهەر پارێزگایەک چەند کورسیی هەبێت، حزبی بەشداربووی هەڵبژاردن دەتوانێت دوو هێندەی ژمارەی کورسییەکان کاندید دابنێت، سەبارەت بە کاندیدە سەربەخۆکانیش گوتی: لە هەمان وادە، کاندیدانی سەربەخۆ دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
سەبارەت بە مافی بەشداریی کاندیدەکان لە پارێزگاکان، نەبەر عومەر گوتی: هەر کاندیدێک خەڵکی عێراق بێت، لەهەر شوێنێک بێت، دەتوانێت خۆی تۆمار بکات.
دووشەممەی ڕابردوو، 19ـی ئایاری 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاندبوو: دوای گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن، بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی دەنگدەرانی تا کۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی یەکشەممەی 15ـی حوزەیرانی 2025 درێژکردەوە، دەشڵێت ئەو فەرمانە لە 19ـی ئایار دراوە و پێویستە لە پێگەی فەرمیی کۆمیسیۆن بڵاو بکرێتەوە.
هاوکات، کۆمیسیۆن بڕیاری دابوو، تۆمارکردنی هاوپەیمانی و پارت و لایەنە سیاسییەکانی تا کۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی 22ـی ئایاری 2025 درێژکراوەتە و فەرمانگەی کاروباری پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕاسپارد ئەوەی لەسەریانە جێبەجێی بکەن.