ماڵپەڕی ئەکسیۆس: ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات

ئیسرائیل ئامادەکاریی کردووە تاکوو لەئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران، هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس' لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل پێیان وابووە دانوستانەکانی ئەمەریکا و  ئێران سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە لە ڕێککەوتن، بەڵام ئێستا پێیان وایە ئەگەری هەیە بەم زووانە دانوستانەکان شکست بهێنن."

سەرچاوەکان بە ماڵپەڕەکەیان گوتووە "سوپای ئیسرائیل پێی وایە، ڕەنگە بەم زووانە دەرفەتی هێرشێکی سەرکەوتووانە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نەمینێت، بۆیە پێویستە ئیسرائیل بە خێرایی هەنگاو بنێت ئەگەر دانوستانەکان شکستی هێنا، ئەوە هێرش بکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران." ئاماژەیان بەوەش کردووە "بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چاوەڕێی شکستهێنانی دانوستانە ئەتۆمییەکان دەکات، ڕەنگە پاش ئەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گڵۆپی سەوز بۆ تەلئەڤیڤ هەڵ بکات."

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕوونی کردووەتەوە "ئیدارەی ترەمپ نیگەرانە لەوەی ناتانیاهۆ بەبێ ڕەزامەندی سەرۆکی ئەمەریکا هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت."

میدیاکانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە، ئاشکرایان کرد، ئەمەریکا زانیاریی هەواڵگری لەبارەی ئامادەکارییە ئەگەرییەکانی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پێ گەیشتووە، میدیاکان بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویان کردۆتەوە کە "ئەمەریکا زانیاریی هەواڵگری نوێیان پێ گەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکات ئیسرائیل خۆی بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە دەکات."