عراقچی: بۆ ئێران، هەولێر دەتوانێت هاوشێوەی دوبەی بێت
پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتاری کردنەوەی یەکەمین کۆنفرانسی ناوچەیی دیبلۆماتیی پارێزگاکان، لە شاری شیراز ڕایگەیاند، هەولێر دەتوانێت ڕۆڵێکی هاوشێوەی دوبەی لە بەرژەوەندیی ئابووریی ئێمە ببینێت.
عراقچی، گوتی: کاتێک لەگەڵ سەرکۆماردا چوومە هەولێر و سلێمانی، بۆم دەرکەوت کە ئەو دوو شارە توانا و زەمینەیەکی زۆریان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە. بە تایبەتی هەولێر کە دەتوانێت ڕۆڵێکی هاوشێوەی دوبەی لە بەرژەوەندیی ئابووریی ئێمەدا ببینێت. گوتیشی: دیارە شاری دیکەی هاوسنووری دیکەشمان هەن کە دەتوانن کەم و زۆر هەمان ڕۆڵ ببینن. بێگومان توانایی دوبەی زیاترە، بەڵام دەبێ توانایی شارەکانی دیکەش لەبەر چاو بگرین.
ئێمە دیبلۆماتیی پارێزگاکان جیددی وەردەگرین و ئەمە تەنها بۆ خۆ دەرخستن نییە.
کۆنفرانسی ناوچەیی دیبلۆماتیی پاریزگاکان، ئەمڕۆ لە شاری شیراز، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاریزگارانی پارێزگا سنوورییەکان و ژمارەیەک دیبلۆمات، دەستی بە کارەکانی کرد.