ئێران: ئەمەریکا لەهەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانمان بەرپرسە
لە کاردانەوەیەکی خێرادا لەبارەی ئەگەرە نزیکەکانی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەلایەن ئیسرائیلەوە کە ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس' لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگەداری ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری داوە لەوەی، ئەمەریکا بە بەرپرسیار دەزانن لەهەر هێرشێک بکرێتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی.
پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: زۆر بەتوندی هۆشداریی لە هەر نیاز و هەوڵێکی ئیسرائیل دەدەین ئەگەر بیەوێت هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانمان و وەڵامی بەهێزی هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک دەدەینەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانمان، واتای ئەوەیە واشنتۆن بەشدارە لە هێرشەکە، بۆیە دەبێ بەرپرسیارەتی یاسایی ئەو هێرشە هەڵبگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، گۆتێرێسی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لەبارەی ئەگەری نزیکی ئەو هێرشانە ئاگەدار کردووەتەوە.
ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس' لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگەداری ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل پێیان وابووە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران، سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە لە ڕێککەوتن، بەڵام ئێستا پێیان وایە ئەگەری هەیە بەم زووانە دانوستانەکان شکست بهێنن."
سەرچاوەکان بە ماڵپەڕەکەیان گوتووە "سوپای ئیسرائیل پێی وایە، ڕەنگە بەم زووانە دەرفەتی هێرشێکی سەرکەوتووانە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نەمینێت، بۆیە پێویستە ئیسرائیل بە خێرایی هەنگاو بنێت ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا."